Kurdistan Press - مەحموود محەمەد : یەکێتی لەسەر قسەی خۆیان سووربوون، بۆیە ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار مەحموود محەمەد : یەکێتی لەسەر قسەی خۆیان سووربوون، بۆیە ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مەحموود محەمەد : یەکێتی لەسەر قسەی خۆیان سووربوون، بۆیە ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار

    گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی لەگەڵ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنە بەو یاسایەی کە ئێستا ھەیە، ھەرچەندە پارتی زیان دەکات، بە نەگۆرینی ئەندامانی کۆمیسۆن. بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراقیش دەڵێت، ئێمە بۆ پۆست ناچینە بەغدا بەڵکو دەمانەوێت لە بڕیاردانەکان و جێبەجێکردنیش بەشداربین، بۆ پۆستی سەرۆککۆماریش پێی وایە، یەکێتی لەسەر قسەی خۆیان سووربوون، بۆیە ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی، سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت بەپێی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستاندا دادەنرێت ھەڵبژاردن بەرێوەبچێت، تا دەستوور دەنوسینەوە، کەی دەستوور نووسرایەوە بە گوێرەی ئەو دەستوورە ھەڵبژاردن بەرێوەبچێت، بەڵام ئێستا یاسایەک ھەیە ئەو یاسایەش دیاریکردووە ٤ ساڵ جارێک دەبێت ھەڵبژاردن بکرێت، ئێمە ئەگەر بمانەوێت ئەم وڵاتە ببێتە وڵاتێکی دامەزراوە و یاسایی دەبێت لەو شوێنانەوە دەست پێبکەین کە گرینگن ئەویش ئەوەیە مادام کە یاساکە چەسپاوە و دەبێت ٤ ساڵ جارێک بکرێت با ئەم ھەڵبژاردنە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشداین ھەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت و دواش نەکەوێت".

سەبارەت بەوەی لایەنە سیاسیەکان تا چەند ئامادەن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەوە مەحموود محەمەد دەڵێت: "لایەنە سیاسیەکان لە ڕاگەیاندن ناڵێن ئامادەنین، بەڵام کۆمەڵێک ڕێکاری دیکە ھەیە کە ھەندێک لایەنی سیاسی دەیگرنەبەر بۆ رێگری لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، ئەویش بابەتی کۆمیسیۆن و یاسای ھەڵبژاردنە لەوەی کە ئێستا یاسایەک ھەیە داوای ھەموارکردنەوەی دەکەن، ھەروەھا داوای ھەموارکردنەوەی یاسای پێکھاتەکان دەکەن و کە ئەو یاسایە گۆڕانکاری بەسەردابێت کە ئەمەش کێشە دەخاتە نێو پڕۆسەکە و ئەمە دەبێتە ھۆی رێگری، بە تایبەت ئەو لایەنانەی کە سووربوونیان لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە ھەبێت ئەوا بێگومان نیشانەی ئەوەیە کە نایەنەوێت ھەڵبژاردن بکرێت لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی لێوەناکەن".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە ئامادەین بە گوێرەی ئەوەی کە ئێستا کۆمیسیۆن چۆنە با وەک خۆی بەردەوام بێت، ئەم کۆمیسیۆنە پێشتر بە گوێرەی پشکی لایەنەکان لە ھەڵبژاردن دیاریکراوە کە دەبێت ئەو ئەندامانەی کۆمیسۆن گۆڕانیان بەسەردابێت کە پشکی پارتی لە کۆمیسۆنی ئێستا کەمە، ھەرچەندە پارتی زیان دەکات، بەڵام ئێمە ئامادەین، واتا پێشتر پارتی ٣٨ کورسی ھەبوو بەڵام ئێستا ٤٥ کورسیمان ھەیە، ھەندێک لایەن لەوانەیە ھەر کورسیان لە نێو کۆمیسیۆن بەرنەکەوێت بە حوکمی ئەوەی لەم ھەڵبژاردنە متمانەی خەڵکیان بە دەست نەھێناوە، بەڵام ئێمە لەوەش وتومانە فەرموون بەو کۆمیسیۆنە کارای بکەنەوە با بێت کارەکانی خۆیان بکەن، ھەروەھا یاسایەکیشمان ھەیە با وەکو خۆی بێت و دەستکاری نەکەین ئەگەر زۆریش پێویستە دەستکاری بکرێت با ئەم ھەڵبژاردنە بکرێت و با لە داھاتوو بێن گفتووگۆ بکەین و بۆ ئەوەی ڕێگا لە ھەڵبژاردن نەگرین، چونکە کۆمیسیۆن ٦ مانگی پێویستە تاوەکو خۆی ئامادە بکات بۆ ھەڵبژاردنەکان، ئەگەر بێت و ئەم کێشانە بێنە پێش و یاساکه‌ بگۆڕدرێت ئەوا لەوانەیە کۆمیسیۆن نەتوانێت کارەکانی خۆی ئەنجامبدات لەو ماوەی بۆی دیاریکراوە".

سەبارەت بە پەیوەندی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، گوتەبێژی پارتی دەڵێت: "زۆر پێمان خۆشە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دیکە پەیوەندیەکی دۆستانە بێت، لە کوردستان چەندین حیزبی بیروبۆچوونی جیاوازمان ھەیە کە ئەم بیروبۆچوونانە بارگاوین بە ھەندێک ئایدۆلۆژیا و تێروانینی جیاواز، ھاوکات پارتی ھەر دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق سەردانی ھەموو لایەنە سیاسیەکانمان کرد، پێمان وتن ڕاستە منافسین بەڵام با پێکەوە خزمەتی کوردستانەکەمان بکەین، بەڵام بەداخەوە ھەندێک جار بە ھەڵە ئەو سەردانانەی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسیەکان لێکدەدرێتەوە، کە گوایە ئێمە پێویستمان پێیەتی، نەخێر بەڵکو ئێمە باوەڕمان پێیەتی کە دەبێت پێکەوەبین بە تایبەت پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان لەسەر بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان یەک دەنگ بین، ھەروەھا بەرگری لە پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان بکەین و بپارێزرێت، چونکە پارتی لە خەمی خەڵکی کوردستان دایە".

حکوومەتی نوێی عێراق.

پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کێشەکان، مەحموود محەمەد، باس لەوە دەکات: "لە ڕاستیدا کێشە لە نێو ماڵی شیعە و سووننە و کوردیشدا ھەیە، کێشەی نێو ماڵی سووننە تا ڕادەیەک چارەسەر بووە، کێشەی نێو شیعەکانیش تا ئێستا بەتەواوەتی چارەسەر نەکراوە و کێشەکەش بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە بەڵکو ئەم کێشەیە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە سەریھەڵداوە، ھەروەھا کێشەی ناو ماڵی کوردیش با بە ڕاشکاوی بڵێین، ھەندێک لایەن ئەو تمووحەی کە ئەوان ھەیانە و بڕیاری خۆیان بدەن و ھەموو شتێک بۆ ئەوان بێت، ئەمەش بۆ خۆی کێشەی دروست کردووە، وای کردووە کێشە لە نێو پرۆسەکە دروست ببێت و پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ھێواش بێت، بەڵام ئومێدیش دەکەین لە چەند ڕۆژی داھاتوو کێشەکان چارەسەر بکرێت و حکوومەت پێکبێت".

سەرۆککۆماری عێراق.

ھاوکات بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراقیش، مەحموود محەمەد وتی: "پێویستە لە نێو کورددا پۆستی سەرۆککۆمار یەکلابکرێتەوە، بەداخەوە لایەنێک لە کوردستان لە ھەڵبژاردنی پێشووی عێراق بە ھەوڵی لایەنەکانی دیکە ئەمەی یەکلا کردەوە، ئێستاش یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەسەر قسەی خۆیان سووربوون و پرس و ڕاوێژیان نەکرد، بۆیە ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار، ھەروەھا شەراکەتی کوردستان لە بەغدا بۆ کورد گرینگە، ئێمە بۆ پۆست ناچینە بەغدا بەڵکو دەمانەوێت لە بڕیاردانەکان بەشداربین و لە جێبەجێکردنیش بەشداربین، واتا پارتی لە بەغدا پۆستی بۆ پاراستنی شەراکەت و تەوافوق دەوێت و پێویستیشە پێداچوونەوه‌ بە حوکمرانی لە عێراق بکرێت".

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه