Kurdistan Press - مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایان: کۆڵمەدەن چونکە ئێمە کۆڵنادەین مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایان: کۆڵمەدەن چونکە ئێمە کۆڵنادەین | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایان: کۆڵمەدەن چونکە ئێمە کۆڵنادەین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی رێورەسمی دەرچووانی خولی 42ـەمـین زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر  رایگەیاند: “پیرۆزباییەكی گەرم لە قوتابییە خۆشەویستە دەرچووەكان دەكەم و هیوای سەركەوتن و ئومێدی دواڕۆژێكی گەشیان بۆ دەخوازم لە ژیانی داهاتوویاندا.”

سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند: “هیوادارم هەوڵی ساردكردنەوەی مامۆستایان لە بەردەوامیدان بە ئەركی پیرۆزیان سەر نەگرێت، هەر مامۆستایەك وەك رێپێشاندەر قوتابیان فێری كۆڵنەدان و خۆڕاگری بكات، چونكە ئێمە كۆڵ نادەین.”

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

مامۆستایانی بەڕێزی زانكۆی سەڵاحەدین

قوتابیانی دەرچووی خۆشەویست

كەسوكاری قوتابیان

ئامادەبوانی هێژا

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز، لە ٤٢ەمین خولی دەرچوانی زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر بەشدارم. پیرۆزباییەكی گەرم لە قوتابییە خۆشەویستە دەرچووەكان دەكەم و هیوای سەركەوتن و ئومێدی دواڕۆژێكی گەشیان بۆ دەخوازم لە ژیانی داهاتوویاندا. دەستخۆشی لە دایك و باوك و كەسوكارەكانتان دەكەم كە ماندووبوونێكی زۆریان كێشاوە لەپێناو ئەوەی ئێوەی خۆشەویست خوێندنەكەتان بە سەركەوتوویی تەواو بكەن. سوپاسی سەرۆك و ئەنجوومەنی زانكۆ و سەرجەم مامۆستایانی بەڕێز دەكەم كە ئەركی پیرۆزی خۆیان لە فێركردن و پەروەردەكردنی نەوەكانمان بەجێ گەیاندووە. هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

بە بۆنەی رۆژی مامۆستایانی كوردستان و جیهانیش، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی مامۆستایانی كوردستان دەكەم، پێزانینی زۆرم بۆ مامۆستایانی كوردستان بە گشتی هەیە كە سەرەڕای ئەوەی بۆ چەند مانگێك وەك هەموو مووچەخۆرانی كوردستان، مووچەی ئەوانیش دواكەوت، بەهۆی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی خوێندن نەوەستا و زۆربەی مامۆستایان زۆر لەخۆبردووانە بەردەوام بوون لە ئەركی خۆیان كە ئەمەش مایەی ڕێز و پێزانینێكی زۆرە.

هیوادارم هەوڵی ساردكردنەوەی مامۆستایان لە بەردەوامیدان بە ئەركی پیرۆزیان سەر نەگرێت، هەر مامۆستایەك وەك ڕێپێشاندەر قوتابیان فێری كۆڵنەدان و خۆڕاگری بكات، چونكە ئێمە كۆڵ نادەین.

پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندن و پاڵپشتیكردن و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان، بەشێكی گرنگە لە كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی هێنانەدیی گۆڕانكاری و پێشخستنی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا كە گونجاو بێت لەگەڵ پێشكەوتنەكانی زانست و تەكنەلۆژیا لەو سەردەمەدا.

وەك چەند جارێكی تریش باسم كردووە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كوردستان بكەین بە كۆمەڵگەیەكی پڕ زانست و مەعریفە و قوتابییە دەرچووەكانمان تەنیا هەڵگری بڕوانامە نەبن، بەڵكوو ئامانجمان ئەوەیە كە قوتابیانی كوردستان فێری ئەو پسپۆڕی و شارەزاییانە بن كە بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی كوردستان پێویستن و دەمانەوێ ببنە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەكەمان. هەروەها مرۆڤێكی داهێنەر و تێگەیشتوو و لێهاتوو بن كە بتوانن سوود بە كۆمەڵگەی خۆیان بگەیەنن.

رەنگە خەمی زۆربەی دەرچووان ئەوە بێت كە دوای ئەوەی خوێندنیان تەواو كرد، كارێكیان دەست بكەوێت، كە ئەمەش مافێكی ڕەوایە، هەرچەندە بەشێكی هەرە زۆری دەرچوانی زانكۆكانمان داواكارییان ئەوەیە لە دامودەزگاكانی حكوومەت و كەرتی گشتی دابمەزرێن، با بە مووچەیەكی كەمیش بێت، هۆكارەكەش ئەوەیە كە هەلومەرجی كاركردن لە كەرتی گشتی و دەزگاكانی حكوومەت باشتر و مسۆگەرترە، بەڵام ئێمە لە ڕێگەی چاكسازییەكانمان لە یاسای كاردا، كارمان كردووە بۆ ئەوەی هەلومەرجی كاركردن لە كەرتی تایبەتیش، بە تایبەت لە ڕووی پاراستنی مافە یاساییەكان و دابینكردنی داهاتووی ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، باشتر بكەین و هاوشێوەی كەرتی گشتی بێت.

ساڵانە بە هەزاران كەس لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان دەردەچن. بێگومان لە توانای حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە هەموو دەرچوان لە دەزگاكانی حكوومەت جێ بكاتەوە و دایانبمەزرێنێت، چونكە بەداخەوە دەرفەتی دامەزراندن سنووردارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمانداوە و كار دەكەین بۆ ئەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانمان لە كەرتە جۆراوجۆرەكاندا بڕەخسێنین. لەم رووەوە حكومەتی هەرێم هەموو ئاسانكارییەك و هەماهەنگییەك دەكات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی كوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، بە تایبەتی لە كەرتی تایبەت. داوامان لە خاوەن كارەكانی كوردستان كردووە كە گەنجانی كوردستان لەپێشینەی وەرگرتنی دەستی كاری كۆمپانیاكان بن و پابەند بە بڕیارەكانی حكومەت كە دەبێ بە لایەنی كەم رێژەی ٧٥٪ی دەستی كاریان خەڵكی هەرێمی كوردستان بن. لە هەمان كاتدا لە ڕێگەی میكانیزمی پێویستەوە دەبێ ڕاهێنان بە گەنجانی كوردستان بكرێ و پەرەیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە بازاڕی كاردا پێشبڕكێ بكەن و كاریان دەست بكەوێت.

لە چەند رۆژی رابردوو پرۆژەی گەشانەوەمان راگەیاند كە بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكەین، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كار و پرۆژە بازرگانییەكانیان لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە گەشە پێ بدەن. ئەمە بەشێكە لە پلانەكانمان لە ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانمان و یارمەتیدانیان.

ئامادەبووانی بەڕێز

لە چەند ساڵی رابردوودا سەرەڕای چەندین قەیران و هاتنەپێشەوەی دەیان كێشە و ئاستەنگ و نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە جێبەجێكردنی كارنامە چاكسازییەكانی و پێشكەوتنی باشیش لە هەموو بوارەكاندا بەدی هاتووە. هەر بۆ نموونە كاری باش كراوە لە بوارەكانی كەمكردنەوەی بیرۆكراسی لە فەرمانگە و دامودەزگاكانی حكوومەت و سنوورداركردن و كەمكردنەوەی گەندەڵی و بنبڕكردنی، رێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، هەروەها باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بەدیجیتاڵكردن و چاكسازیكردن لە سیستەمی بانكی و كاركردن بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و پەرەپێدان و بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ و هەناردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵ بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، پەرەپێدان بە وەبەرهێنان و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و دەیان دەستكەوتی تر.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه