وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هەرچەندە ڕوئیای جیاوازیان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە، بەڵام هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو حزبە بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بێت، بەردەوامە.
مەحموود محەمەد لە میانی لێدوانێكی میدیایی كە لە كاتی گەیشتنی بۆ كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئەمڕۆ لە دهۆك بەڕێوەدەچێت، لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتییەوە رایگەیاند: ''ئێمە دوو حزبین لە وڵاتێكدا كار دەكەین، بە دڵنیاییەوە منافسی یەكترین، ناكۆكی لە پەیوەندییەكانمان شتێكی ناسروشتی نییە، بەڵام لەم دواییانەدا ساردییەكە زیاد لە پێویست بوو. بۆیە لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا زنجیرەیەك كۆبوونەوە كراوە كە پەیوەندییەكان لە بەرژەوەندیی خەڵكەوە دروست بكەینەوە.''
ئەوەشی ئاشكرا كرد: ''ئێمە ڕوئیای جیاوازمان بۆ هەندێك بابەت هەیە چ لە مامەڵە لەگەڵ عێراق و چ لەگەڵ دەوروبەر و چ لە چارەسەركردنی كێشەكان كە لە كوردستان هەیە، ئەوانە پێویستییان بە گفتوگۆیەكی زیاتر و چڕتر هەیە.''
جەختی لەوەش كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە لەو كێشانە دەڕوانێت كە ئێستا هەیە و هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچاره دەدات بۆ ئەوەی بزاندرێت چۆن پێكەوە كار بكرێت لەگەڵ ئەو پێكهاتانەی لە كوردستاندا هەن و لەگەڵ پێكهاتە سیاسییەكانی نێو كوردستانیش، تاوەكوو بزانن چۆن پێكەوە ئیدارە بكەن. گوتیشی: ”پارتی بە حوكمی ئەو هەموو مێژوو و شەهیدەی هەیەتی و بە حوكمی ئەو ڕێبازە پیرۆزەی هەیەتی، هەوڵی جددی دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لەبارەی وادەی هەڵبژاردنیشەوە، مەحموود محەمەد گوتی: ''ئێمە پەیوەستین بە وادەی هەڵبژاردنەوە و ئومێد دەكەین هیچ كێشەیەك نهیاته پێشەوە كە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن.
باسیشی لە كێشەكانی عێراق كرد و گوتی: ''لە عێراق لەوەتەی دروست بووە لە بیستەكانەوە تاوەكوو ئێستا، كلتووری چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكانی نەبووە، بەردەوام كێشەكانی كەڵەكە كردووە و دواتر هەوڵ دراوە لێكەوتەكانی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت نەك خودی كێشەكان.
وەڵام بدەوه