وەزارەتی دارایی، بڕیارێك بۆ ئەژماركردنی خزمەتی راژە بۆ هەندێك لە فەرمانبەران دەردەكات و خزمەتی پارێزەرایەتی و ئەندازیاری و پزیشكی دەخرێتە سەر خزمەتەكانیان.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە لایەن ئاوات شێخ جەناب، لە 23ی11ی 2023 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (کوردستان پرێس) كەوتووە، ئاماژە بە نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، بۆ بڕیاری هەژماركردنی راژەی پارێزەرایەتی و ئەندازیاری و پزیشكی.
لە نووسراوەكەدا هاتووە: "هەژماركردنی راژەی پارێزەرایەتی و ئەندازیاری و پزیشكی، پێش دامەزراندن ئەژمار دەكرێت، واتا نەكەوتبێتە نێو راژەی كردارەكی (فیعلی) فەرمانبەر، نەك نێوان دوو دامەزراندن."
لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەی داراییدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "هەر فەرمانبەرێك زیاتر لە جارێك دامەزرابێت، هەر راژەیەكی دیكەی هەبێت لەنێوان دامەزراندنەكانی، ئەوە بۆی ئەژمار دەكرێت، ئەویش لە چوارچێوەی رێنوێنییە بەركارەكاندا."
ئەژماری راژە بۆ سەر خزمەتی فەرمانبەری، هەم بۆ گۆڕینی ناونیشان و زیادكردنی مووچەیە، هەروەها بۆ خانەنشینییش سوودیان لێوەردەگیرێت.
بەپێی بەدواداچوونی (کوردستان پرێس)، پێشتر بە فەرمانێك لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران، لە 6ی12ی 2020وە هەموو نووسراوێكی تایبەت بە خزمەت ئەژماركردن راگیرابوو، دواتر ئهنجوومهنی وهزیران، بە نووسراوێك كە له 31ی 5ی 2022، دەرچوو، بڕیاری دا ئەژماركردنی خزمەتی فهرمانبهران بەپێی چەند رێكار و مەرجێك بكرێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش داوە، بەپێی یاسا و رێنوێنییەكان و بە رەچاوكردنی ناردنی سەرجەم بەراییەكان، بڕیار لەسەر ئەژماری خزمەتی فەرمانبەران دەدرێت.

وەڵام بدەوه