به‌های تمه‌ن دیسان دابه‌زی و نزمترین نرخی له مێژوودا تۆمار كرد، ئێسته هه‌ر دۆلارێك به 81 هه‌زار و 200 تمه‌ن ده‌فرۆشرێت.
له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران و سه‌ركه‌وتنی مه‌سعوود پزیشكیان له مانگی ته‌مووزدا، نرخی دۆلار بۆ خوارووی 58 هه‌زار تمه‌ن گۆڕابوو و له ماوه‌ی پێنج مانگدا 23 هه‌زار تمه‌نی تر هاتووه‌ته سه‌ر و تمه‌ن نزیكه‌ی 30% به‌های خۆی له ده‌ست داوه.
له‌وه‌ته‌ی تره‌مپ سه‌ركه‌وتووه، هیچ شتێك رووی نه‌داوه له قازانجی بازاڕه‌كانی ئێران‌دا بێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له ئه‌گه‌ری ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ له 20ی كانوونی دووه‌م و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزای زیاتر، به‌های دۆلار بگاته 100 هه‌زار تمه‌ن.
هه‌فته‌ی رابردوو عه‌بدولناسر هیمه‌تی وه‌زیری ئابووریی ئێران، له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی كاروباری ئابووریی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه گوتبووی، له دۆخی هه‌ڵاوساندا كه له سه‌رووی 30%ـه، ناتوانن به‌های تمه‌ن به جێگیری بهێڵنه‌وه و ئه‌گه‌ر دۆخی سیاسی و ته‌ناهیی ئێران ئاسایی بووایه، ده‌بوو نرخی دۆلار 73 هه‌زار تمه‌ن بێت.
ئه‌و قسه‌یه‌ی وه‌زیری ئابووریی كه پێی وایه له دۆخێكی سه‌قامگیریی سیاسی و ته‌ناهی، ده‌بوو دۆلار 73 هه‌زار تمه‌ن بێت، كاریگه‌ریی زۆر نه‌رێنی دروست كرد و له‌پڕ به‌های تمه‌نی شكاند و له 75 هه‌زاره‌وه گه‌یاندییه سه‌رووی 78 هه‌زار و 300 تمه‌ن، له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك دوای لێدوانه‌كه پێنج هه‌زاری تری هاتووه‌ته سه‌ر.
جگه له‌مه له دوای رووخانی سووریا، خه‌ڵكی ئێران هه‌وڵی زیاتری ئه‌وه ده‌ده‌ن پاره‌كانیان له بانك بكێشنه‌وه و به دۆلار بیگۆڕنه‌وه، جۆرێك بێ متمانه‌یی به‌سه‌ر بازاڕه‌كانی ئێران‌دا زاڵ بووه كه به هۆكارێكی سه‌ره‌كیی دابه‌زینی به‌های تمه‌ن داده‌نرێت.
هۆكارێكی تری دابه‌زینی به‌های تمه‌ن، پێوه‌سته به به‌رزبوونه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی ئێران و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاته‌كان و به‌و هۆیه‌وه دراوی بیانی كه‌می كردووه، له‌لایه‌كی تره‌وه بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانیش به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی داخوازی، هه‌وڵی زیاتری كڕینی دۆلار له بازاڕه‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به هۆكارێكی تری به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رانبه‌ر دراوی ئێرانی داده‌نرێت، له پاڵ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی به‌رپرسانی باڵای ئێران ده‌یكه‌ن و دۆخێكی ناله‌باری سیاسی‌یان هێناوه‌ته كایه‌وه.
وەڵام بدەوه