عیرفان عەبدولعەزیز: نامەم بۆ ئەحمەد ئەلشەرع ناردووە حکوومەتێکی مەدەنی دروستبکات
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەخۆیان لەگەڵ بەرەی تەحریر شام و خوودی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا نەبووە، بەڵام نامایەکیان بۆ ناردووە و تێیدا تێبینییان پێیداوە حکوومەتێکی مەدەنی دروست بکات و واز لە فیقهە سیاسییە کۆنەکە بێنێت.
شەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، عیرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکان تەنیا لە سووریا ناوەستن، گۆڕانکارییەکان خێران، دەڵێت: حکوومەتی نوێی سووریا گوێ لە پێکهاتەکان جیاوازەکان دەگرێت کە ئاماژەیەکی باشە، بۆیە پێوستە دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسرێتەوە.
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: گرنگە هەر لە سەرەتاوە کورد بوونی خۆی لە سووریا بسەلمێنێت، لەبارەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە پێشتردا کە تێیدا پێشوازیی لە پەیامێکی ئەحمەد ئەلشەرع کرد سەبارەت بە گەلی کورد لە سووریا، عیرفان عەبدولعەزیز گوتی: ئەو پەیامەی کاک مەسعود ناردی، سەرەتایەکی زۆر باشبوو، دڵخۆشییەکی زۆری لای کوردانی خۆمان لە ڕۆژئاوا دروست کرد وەک پشتگیریی، نابێت کورد ببێتە پاشکۆی کەس، دەبێت کورد گرنگیی بەو گۆڕانکارییانە بدات لە سووریا هاتووەتە پێشەوە.
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان گوتی: ئێمە بە باشی دەزانین لە سەرەتاوە کورد دۆستایەتی لەگەڵ ئەو گەنجانەی سووریا دروستبکات کە پێناچێت بیرۆکەیەکی خراپیان هەبێت، ئەگەر کورد پشتیوانی شۆڕشی سووریا بکات، سوودی دەبێت بۆ ئایندەی کورد و ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش.
عیرفان عەبدولعەزیز ئاماژەی بەوە کرد، حوکمڕانانی عێراق هەست بە شەرمەزاری دەکەن کە ئەحمەد ئەلشەرع دەبینن خەڵکی سووریا هەمووی چەپڵەی بۆ لێدەدات، دەڵێن: ئێمە 24 ساڵە غەیری خورافات و بێ متمانەیی نەبێت، نەمانتوانی شتێکی دیکە دروست بکەین، دەشڵێت: جارێکی دیکە داعش ناتوانێت بێت لە سووریا پێگەی خۆی قایم بکات.
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ئاشکرای کرد، پەیوەندیی ڕاستەخۆیان لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع و بەرەی تەحریر شامەوە نەبووە، گوتی: ئێمە ئاگەدارین ئەحمەد ئەلشەرع لە ئیدلب هەموو فیکر و بۆچوونەکانی خۆی گۆڕیووە، چوار ساڵە لە ئیدلب حکوومەتێکی دروست کردووە، دەڵێت: پێشتر ئاماژەم بەوە دەکرد کە ئەلشەرع دەیەوێت نموونەیەکی جوانی ئیسلام نیشان بدات، گوتی: ئەو ئێمە دەناسێت و باسی ئێمەی کردووە.
لەبارەی ئەو نامەیەی بۆ ئەلشەرعی ناردووە، عیرفان عەبدولعەزیزی گوتی: ئێستا نوێنەرمان لە دیمەشقە، من چوار خاڵم بۆ ئەحمەد ئەلشەرع لە نامەیەک بۆ نووسی بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی مەدەنی دروست بکات، ئەو فیقهە سیاسیە کۆنە واز لێبێنێت، هاوکات باسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانم بۆی کردووە وەک تێبینی کە پێویستە ئاگای لەو خاڵانە بێت.
وەڵام بدەوه