لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمەکەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كرد كە پێشتر خەڵكی گلەییان لە دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەو شوێنە دەكرد كە بڕیار دراوە پرۆژەی (ڕێڕەوی ژیان)ی لێ بكرێت، بۆیە بڕیارمان دا ئەم پڕۆژە گرنگە لەم ناوچەیە بکرێت، کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەموو بوارەکاندا لە ژیانی خەڵکی ئەم گەڕەکانە و شاری هەولێر دروست دەكات و دەبێتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەولێر و کوردستان.
ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن و ئەم كاتەتان باش
خۆشحاڵ و بەختەوەرم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ دانانی بەردی بناخەی یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی شاری هەولێر كە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتری شاری هەولێر دەبێت بە تایبەتی لە ڕووی گەشتیارییەوە.
گلەیی زۆرمان دەبیست لە دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەو شوێنە، لە كاتێكدا كە خۆی وەکوو ڕێڕەوێکی ئاو بۆ ڕێگەگرتن لە لافاو بووە، بەڵام بەداخەوە دواتر بووە شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی پیس و زبڵ و خاشاک كە لە ڕووی تەندروستیشەوە، ببوە جێگەی مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە.
بۆیە بڕیارمان دا ئەم پڕۆژە گرنگە لەم ناوچەیە بکرێت کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەموو بوارەکاندا لە ژیانی خەڵکی ئەم گەڕەکانە و شاری هەولێر بە گشتی دروست دەكات و دەبێتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەولێر و کوردستان.
لە قۆناخی یەکەمدا، ئەم پڕۆژەیە پارک و سەوزایی و ئاوەڕۆی سندووقی و كەناڵێك بۆ ئاوی پاک و باران و لافاو لەخۆ دەگرێت. هەروەها چەندین دوکان و کۆشک و شوێنی یاری لێ دروست دەکرێت و دەبێتە ناوچەیەکی دڵرفێنی گەشتیاری لە ناوجەرگەی شاری هەولێر کە دەرفەتی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان دروست دەکات.
ئێمە هەمیشە ئامانجمان ئەوە بووە لە پەرەپێدانی شارەکان و پەرەسەندنیان، هاوسەنگی هەبێت و تەنیا بایەخ بە سەنتەری شارەکان یان چەند گەڕەک و ناوچەیەک بە تەنیا نەدرێت، كەواتە جیاوازیی گەڕەكەكان دەبێ كەم بكرێتەوە، بەڵكوو پێویستە لە گەشەکردنی شارەکانماندا، بەپێی تایبەتمەندی، بایەخ بە گشت ناوچەکان بدرێت و لە خزمەتگوزارییەکانی ژیان وەکوو یەک سوودمەند بن.
ئێمە ئەم سیاسەتەمان لەسەر ئاستی هەموو كوردستانیشدا پەیڕەو كردووە كە جیاكاری لەنێوان شارەكان نەكرێت و لە ناو شارەكانیش، لەنێوان گەڕەكەكاندا نەكرێت.
هەولێر، ئێستا یەکێکە لە شارە هەرە پێشکەوتووەکانی عێراق و ناوچەکە، بە تەواوبوونی هەردوو پڕۆژەی پشێنەی سەوزایی و ڕێڕەوی ژیان، قۆناخێکی دیکەی گەشەسەندن و ئاوەدانی لە شاری هەولێر دەست پێ دەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە گەشتیارییە هەرە گرنگەکانی دنیا کە خاوەنی مێژوویەکی دێرین و پێشکەوتن و ئاوەدانییەکی بەرچاویشە.
ئەم شۆڕشە ئاوەدانییەی دەستمان پێکردووە، هەموو پارێزگە و شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لەپێناو گەیشتن بە گەشەپێدانێکی گشتگیر و هەمەلایەن کە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لە ڕووی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گشتی و و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کەرتە
جۆراوجۆەکاندا.
پیرۆزبایی لە خەڵکی هەولێر و بەتایبەتی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەکەم کە دوای ماوەیەکی کەم، گۆڕانکاریی جۆری لە ژیانیان و باشتربوونی ژینگە و تەندروستیشان دێتە ئاراوە.
ئەوەی زیاتر منی دڵخۆش كردووە، دروستبوونی ئەو متمانەیەیە كە ئێستا خەڵك بە حكومەتەكەی هەیەتی و ئەو پەیوەندییە تەندروستەی لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەتدا دروست بووە. ئەم هاوكاری و پشتیوانییەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان وا دەكات ئێمە زیاتر پشتگەرم بین و سوور بین لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان.
سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەم كە بەڕاستی خۆیان زۆر ماندوو كردووە بە دانانی ئەم پلانە بۆ دروستكردنی ئەم پرۆژەیە و دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم لە كەرتی تایبەت كە هاوپشك و پشتیوانمان بوون بۆ ئەوەی بتوانین ئەم پرۆژەیە وەكوو خۆی جێبەجێ بكەین.
لە كۆتاییدا دەمەوێ جارێكی تریش داوایەكی برایانە لە هەموو هاووڵاتییانی كوردستان بكەم، تكایە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ژینگەكەمان بپارێزین. حكومەت تەنیا دەتوانێت بەشێك لە ئەركەكە لە ئەستۆی خۆی بگرێت، ئێمە دەتوانین پرۆژە دروست بكەین، بەڵام كولتووری ژینگەپارێزی و پاراستنی ژینگە ئەركی هەموومانە. تكاتان لێ دەكەم یارمەتیمان بدەن با بەیەكەوە وڵاتەكەمان خۆشتر و جوانتر بكەین.
ئێوە هەر سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11/5، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی (ڕێڕەوی ژیان)ی لە شاری هەولێر دانا.
ئەمرۆ |
KurdistanPress ![]() |
KurdistanPress
دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان
بابەتە پەیوەندیدارەکان
KurdistanPress
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە

وەڵام بدەوه