جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەتوندی وەڵامی لێدوانە میدیاییەكانی ئەمدواییەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی لادراوی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و دەڵێ: تۆ شارەزای مێژووی كوردستان نیت."
ئەمشەو، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وەڵامی محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی لادراوی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و نووسیویەتی: "جێگای داخە کە گوتاری میدیایی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان بووەتە سەکۆیەک بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و ساختەکردنی یادەوەرییەکان، لەبری ئەوەی گۆڕەپانێک بێت بۆ دروستکردنی متمانە و یەکخستنی ڕیزەکان لە بەرامبەر تەحەددیاتەکاندا."
هەروەها، نووسیویەتی: "ئێمە گوێمان لە لێدوانەکانی محەممەد حەلبووسی گرتووە، کە هەڵگری تۆنێکی تائیفی بوو، نوێنەرایەتیی هەوڵێکی شکستخواردووی دەکرد بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەجێندا سیاسییەکان و بەرژەوەندیی خۆیدا بگونجێت. ئەم قسانە جگە لە نەزانینی مێژووی کوردستان و ڕۆڵی نیشتمانی و تێنەگەیشتن لە مانای شەراکەت و دەستوور هیچی تر دەرناخەن."
شاخەوان عەبدوڵا، قسەكانی شەش خاڵدا كورت دەكاتەوە:
یەکەم: کوردستان منەت بەسەر کەس ناکات، بەڵکوو ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات.
هەرکەسێک پێی وابێت کە کوردستان بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی "ئامێز"ی بۆ ئاوارەکان كردووەتەوە، هیچ لە سروشتی ئەم خاکە و بەهاکانی گەلەکەی نازانێت. کوردستان پێش سنوورەکانی، دڵی خۆی کردەوە بۆ پێشوازیکردن لە ستەملێکراوانی عەرەب و تورکمان و کرستیان و شەبەک، چونکە مرۆڤایەتی لە کوردستاندا دروشمێکی سیاسی نییە بەڵکوو بیر و باوەڕە نەوە بۆ نەوە گواستراوەتەوە. شاخەکانی کوردستان هەرگیز جیاوازییان لە نێوان عەرەب و کورددا نەکردووە، بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەیان لە باوەش گرتووە کە لەئەنجامی ستەمی ستەمکاران هانایان بۆ بردووە. ئێمە شانازی بە بەخشندەیی خۆمانەوە ناکەین، چونکە بەخشندەیی بەشێکە لە ناسنامەی ئێمە، نەک ئامرازێک بۆ ئیبتیزازی سیاسی یان میدیایی.
دووەم: خوێنی پێشمەرگە سنووری کەرامەتی دیاری کرد.
کاتێک داعش هێرشی کردە سەر ئەو شار و گوندانە، پێشمەرگە لە مەیدان بوون، پێش ئەوەی هەندێک لە سیاسییەکان بەئاگا بێنەوە. لە کەرکووک و مەخموور و خانەقین و شنگال و دەشتی نەینەوا خوێنی کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی لە یەک سەنگەردا تێکەڵ بوون و بەرگرییان لە ئازادی دەکرد. با هەموو لایەک باش بزانن کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاون لە کوردستان، هەر کەسێک پێی خۆش بێت یان نا. ئەم ناوچانە بە خوێنی پێشمەرگە لە دەستی داعش ڕزگار کران، چونکە ڕۆڵەی خاک و پارێزەری مافی خۆیانن.
سێیەم: داوای لێبوردن لەو کەسانە ناکرێ کە لە دادپەروەری تێناگەن.
بەڕێز حەلبووسی بانگەشەی ئەوە دەکات کە کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی پشتیوانییان لێ نەکردووە. ئەمە درۆیەکی ئاشکرا و هەڵبەستراوێکی سیاسی ڕوونە و پێویستە هەموو لایەک ڕاستییەکە بزانن ئەویش ئەوەیە کە لەماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا سەرەڕای داواکاریی زۆری لایەنەکان وەک پێویستییەکی نیشتمانی، جەنابیان زاتی ئەوەی نەکرد و نەیوێرا ئەم یاسایە بخاتە نێو کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان. هەروەها نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتێکڕا دەنگیاندا لەسەر هەر سێ یاسای لێبوردنی گشتی و باری کەسێتی و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە.. ئەمەش پابەندبوونی ئێمە بە دادپەروەری و سەروەری یاساوە پشتڕاست دەکاتەوە، بە پێچەوانەی ئیدیعا پووچەکانی.
وێناکردنی لێبوردن وەک ڕەتکردنەوەی ئێمە لێی، شێواندنی ڕاستییەکان و ساختەکردنی مێژووە. لێبوردن تەنها دوای دانپێدانان بە تاوانەکان و لێپرسینەوە لە تاوانباران دەدرێت نەک دوای ئینکاری و شێواندنی ڕاستییەکان. کورد لەدوای ئەنفال و جینوساید خودی بکەری ئەو تاوانانەی بوری و لێی خۆش بوون، نەک لەبەر لاوازی، بەڵکوو لەبەرئەوەی ئێمە لە ڕق و کینە بەهێزترین، بەڵام سازش لەسەر خوێنی بێتاوان و یادەوەری شەهیدان ناکەین و ڕێگاش نادەین ئەوانەی دەستییان بە خوێن سوور بووە مێژوو بشێوێنن بۆ مەرام و میزاجی سیاسییان.
چوارەم: پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی کوردستان و درێژکردنەوەی پڕۆژەی نیشتمانی.
کاتێک حەلبووسی دەڵێت؛ زۆربەی دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا عەرەبن، ئەمە پارتیمان لاواز ناکات بەڵکوو ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، کە ڕێبازی پارتی دیموکراتی کوردستان سنووری نەتەوە و و مەزهەبی تێپەڕاندووە، چونکە خاوەن بیری ئازادی و هاوبەشی ڕاستەقینەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز حزبێکی بیرتەسک و ناوچەیی نەبووە، بەڵکوو هەڵگری پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کوردە کە باوەڕی بە یەکێتییەکی دادپەروەرانەی هەموو پێکهاتەکان هەیە، نەک ملکەچبوون یان پاشکۆ بوون.
لە ڕیزەکانیدا عەرەب و تورکمان و مەسیحی و ئێزیدیش هەن کە بە دڵسۆزی و لەچوارچێوەی باوەڕی تەواو و پاپەندییان بە پرەنسیپەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەکۆشن، چونکە ئازادی و سەربەرزی و شکۆ و کەرامەتی خۆیان لەنیو ئەم پارتەدا دەبیننەوە. هەروەها ئەوانەی حزبەکان بە ژمارەی ئەندامانی گرووپە نەتەوەییەکەیان دەپێون، هێشتا لەوە تێنەگەیشتوون کە ئەو عێراقەی ئێمە خەونی پێوە دەبینین، تەنیا لەسەر فیدراڵیزمێکی ڕاستەقینە بنیات دەنرێت کە کوردستان وەک شەریکێک بناسێت نەک ژێردەستە و گەلەکەی وەک بەشێکی ڕەسەن نەک پەراوێز.
پێنجەم: ئاڵای کوردستان ئاڵای دژایەتی نییه، بەڵکوو ئاڵای ناسنامە و خوێن و مێژوویەکی نەسڕاوەیە.
سەبارەت بە ناڕەزایی بەڕێز حەلبووسی بەرامبەر بە بوونی ئاڵای کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پێی دەڵێین: پێش ئەوەی قسە لەسەر ئاڵا بکەیت، سەرەتا فێری خوێندنەوەی ئەو دەستوورە ببە کە سوێندت خواردووە پابەند بیت پێوەی. ماددەی 140 بێهودە نییه" بەڵکوو دانپێدانانێکی فەرمییە کە ئەو ناوچانە لە جوگرافیا و ناسنامە کوردن و لەئەنجامی سیاسەتی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافی، تایبەتەمەندییەکانی لێدزرا و کەسانێکی نامۆی بۆ هێنران و جێگیر کران. سەرەڕای ئەو هەوڵانەش بۆ گۆڕینی ئەم ناوچانە، بەڵام کوردستان لەم ناوچانە هەر مایەوە لەیادەوەری و هەناسە ویژدانی خەڵکەکەی و بەخوێنی شەهیدان و پێشمەرگە لە کەرکووک و شنگال و خانەقین ئەم ناوچانە ژیانەوە. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەم ناوچانە بۆ هیچ کەسێک ئیستفزازی نییە، بەڵکوو دووپاتکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە خاک چەند کات تێدەپەڕێت دان بە گەلەکەیدا دەنێت و شوناس بە بڕیاری سیاسی ناسڕدرێتەوە و ناشکرێتە ناوی ئەو کەسانەی وەک داگیرکەر تێیدا تێدەپەڕن.
هەروەک چۆن ئاڵای عێراق بە ڕێزەوە بەسەر هەولێردا هەڵدەگیرێت، ئاڵای کوردستانیش مافی ئەوەی هەیە لە ئاسمانی کەرکووک و شنگال و مەخمووردا هەڵ بکرێت، چونکە هێمای ئەو شەهیدانەیە کە بەرگرییان لە خاک و شەرەفەکەی کردووە، نەک ئاڵای حزبێک یان دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر. ئاڵای کوردستان تەحەددای هیچ کەس ناکات، بەڵکوو هەموان بیردەخاتەوە کە عێراقی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک دەتوانێت بوونی هەبێت کە ئاڵاکانی لە ئاسمانی دادپەروەریدا یەک بگرن، نەک کاتێک ناسنامەی کوردستان بۆ ڕازیکردنی خەڵکی دەرەکی یان لە ترسی دەنگەکانیان داخنکێنرێت.
شەشەم: کوردستان بە ڕاستی وەڵام دەداتەوە نەک بەڕق و کینە.
ئێمە بە زمانی تایفەگەری وەڵامی تایفەگەری نادەینەوە، بەڵکوو بە ڕاستی وەڵامی دەدەینەوە. هەرگیز کوردستان هۆکاری قەیرانی عێراق نەبووە، بەڵکوو هەمیشە قەڵغانی ئاشتی بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ شێواندنێکی مێژووی خۆمان و هیچ سووکایەتیکردنێک بە قوربانیدانەکانمان قبووڵ ناکەین. ئێمە نەوەی شۆڕشێکین کە خوێنی شەهیدانمان بۆ ئازادی ڕژا. ئێمە میوانی ئەم خاکە نین، بەڵکوو دروستکەری مێژووەکەین و هاوبەشین لە داهاتوویدا. ئەوانەی باس لە نیشتمانپەروەری دەکەن، دەبێ ڕێز لە فرەیی بگرن، ئەوانەی باس لە دەستوور دەکەن، دەبێ جێبەجێی بکەن، نەک خۆیانی لێ بدزنەوە، ئەوانەی باس لە دادپەروەری دەکەن دەبێ بە داننان بە مافەکانی کوردستان دەست پێ بکەن.
سەبارەت بە کوردستانیش لەسەر ڕێگای ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی بەردەوامە، وەک مۆدێلی حوکمڕانی باش خزمەت دەکات. ئێمە ئاواتەخوازین ئەزموونەکەمان بگاتە هەموو ناوچەکانی عێراق، بناغەیەکی تۆکمە بۆ دادپەروەری و گەشەپێدان و هاوبەشیی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا دابمەزرێنین.
کوردستان وەک لانکەی کەرامەت و پەناگەی ستەملێکراوان و ئاڵای ئازادی و شاخێک دەمێنێتەوە و لێدوان و ڕەشەبای گوتاری تایفەگەری نایهەژێنێت.


وەڵام بدەوه