لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی هەموو ساڵێکدا، ئامادەکارییەکان بۆ هاوردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوتی سپیی ماڵان دەست پێ دەکەن. لەم بارەیەوە نەوتفرۆشێک ڕێنمایی هاووڵاتییان دەکات کە پەلە لە کڕینی نەوتدا نەکەن.
عەونی مستەفا، نەوتفرۆش لە شاری هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی گەیشتووەتە 250 هەزار دینار، بەڵام بەرزیی ئەم نرخە بۆ نەبوونی بەرهەم و کەمیی خستنەڕوو لە بازاڕدا دەگەڕێتەوە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە لە سەرەتای مانگی نۆدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نووسراوی فەرمی بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی سپی و هاوردەکردنی لە شارەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە ئەنجام دەدات.
دەستپێکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هاوردەکردن دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخەکان. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر دابەشکردنی نیو بەرمیل نەوتەکە بە نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەردەوام بێت، نرخ لە بازاڕەکاندا زیاتریش دادەبەزێت.


وەڵام بدەوه