ڕاگەیندراوێک لە پارێزگاری هەولێرەوە
بەناوى خوداى گەورە و میهربان
بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی لە ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر ئامادەکرابوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکى دروستبوونى لافاو و بە هاناوەچوون و پاراستنى سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان، لە کاتى هاتنى ئەو شهپۆلە بەهێزەى بارانبارین کە لەماوەى چەند ڕۆژی ڕابردوو هەولێرى پایتەخت و ناوچه جیاوازهكانی ههرێمی كوردستانی گرتهوه، تاڕادەیەکى زۆر باش بە هەوڵ و ماندووبوون و ئامادەباشى تەواوى تیمەکانى حکومەتى هەرێم و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگاکەمان، سوپاس بۆ خودای گەورە سەرەڕای بە هێزی دابارینى باران توانرا بارودۆخەکە بەبێ زیانی گیانی و ماڵی لە هەموو ڕووێکەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
ئەوەش بێگومان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵى ڕابردوودا پێش هاتنی وەرزی زستان و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی دووبارەبوونەوەی لافاو و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی باران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕاستەوخۆى رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان، زیاتر لە (32 ملیار دینار) تەرخان کرا بۆ كرداری خێرای ڕێگریكردن لە لافاو، لەو پێناوەشدا چەندین پڕۆژەی ستراتیژى و گەورەى وەک دروستکردنى پرد، پۆند و ئاوەڕۆی بەهێزتر، کردنەوەى ڕێڕەوەکانی ئاوى سروشتى باران و فراوانتر کردنیان، دروستكردنی ئاوەڕۆی گەورەى سندووقی بەتایبەتی لە نێوان شەقامەکانی 30 مەتری و 60 مەتری سەنتەری شار و چەندی پڕۆژەی دیکە و هەڵمەتی بەردەوام و فراوانی پاککردنەوەی مەنهۆڵ و هەڵدانەوەی سەری چەپەرەکانی ئاووەرگرتن لەناوە و دەوروبەری شار ئەنجامدران و هەمووئەوانە بەیەکەوە بوونە هۆکاری پاراستنی شارەکەمان لە لافاو.
لێرەشەوە بە پێویستى دەزانین، سوپاسى جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و سەرۆکایەتى شارەوانی و بەرێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانیەکان، گەشتوگوزار، تەندروستی، بەرگرى شارستانى، بەڕێوەبەرایەتییەکانى ژینگەپارێزى، ئاو و ئاوەڕۆ، ئاودێری و کارەبا و ڕێگهوبان وخۆبەخشان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و کۆمپانیاکان و تەواوى تیمەکانى تری قەزا و ناحییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هەموو ئەو لایەن و فەرمانگانه بکەین کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا خۆنەویستانە و دڵسۆزانە لە بەر باران و شەوو ڕۆژ لە ئەرک دابوون و خەمخۆرانە و بێ درێغیکردن کارەکانیان ئەنجامدا و بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەکانى پارێزگایان وەک خۆى جێبەجێکرد.
سوپاس بۆ یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان (زێرەڤانی، ئاسایش، پێشمەرگە، هاتووچۆ، پۆلیس) کە لە ئامادەباشی و ئەرکى بەردەوام دابوون لە پێناو پاراستنی سەرو ماڵ و گیانى هاوڵاتییان، جارێکی تر وەکو پارێزگاى هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەداین و بە هەموو توانایەکمانەوە شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە ئێوەی ئازیز.
خودای گەورە هەمیشە خهڵک و خاکی هەولێر و کوردستان ببپارێزێ.
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2023.4.14
وەڵام بدەوه