سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شانشینی بەحرەین، لەگەڵ وەزیری گەشەپێدانی بەردەوامی وڵاتەكە کۆ بووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 9/12/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شانشینی بەحرەین، لە شاری مەنامە، لەگەڵ نوور بنت عەلی ئەلخولەیف، وەزیری گەشەپێدانی بەردەوام و سەرۆکی ئەنجوومەنی گەشەپێدانی ئابووريی بەحرەین کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەدا بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.
سەرۆکی حکوومەت ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەحرەین و بڕیارە لەگەڵ شا و جێنشینن و سەرۆک وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی بەحرەین کۆ ببێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە بکات.
ئەمڕۆ، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەحرەین، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: "بۆ تاوتوێکردنی هاریکاری و ئاسایشی ناوچەکە، سەردانی شانشینی بەحرەین دەکەم."
سەرۆكی حكوومەت دەشڵێت: "پێویستمان بە گفتوگۆ و پەرەپێدانی دۆستایەتییە لەم کاتە پڕ لە تەنگژە و نادڵنیاییەدا."
وەڵام بدەوه