بەرپرسێکی ئەمنی سوریا کە لە دەرەوەی بنکەی ئاسمانی ڕوسیا لە لازقییە جێگیر بوە ڕایگەیاندوە، ئهمڕۆ شەممە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ڕوسیا بنکەکەی بەجێهێشتوە و بەرەو لیبیا بەڕێکەوتوە.
ئەو بەرپرسەی کە لە دەروازەی بنکەکە جێگیر بوە، به ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی ڕاگهیاندوه، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا فڕۆکەی زیاتری ڕوسیا لە بنکەی ئاسمانی حمەیمیمەوە هەڵبفڕن.
پێشتر ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بە پشتبەستن بە ماڵپەڕی چاودێری مانگی دەستکردی ماکسار وێنەیەکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا فڕۆکە بارهەڵگرەکان لە فڕۆکەخانەی ڕوسیا لە سوریا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ وەرگرتنی کەرەستەی قورس، ئهوه جگە لە هەڵوەشاندنەوەی هەلیکۆپتەرەکان و ئامادەکردنیان بۆ گواستنەوە.
هەروەها ههلیکۆپتەرێکی هێرشبەری جۆری Ka-52 بینراوه کە هەڵوەشێنرایەوە و پێدەچێت ئامادەبێت بۆ گواستنەوە، هەروەها بەگوێرەی واشنتن پۆست، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 400ی ڕوسیش بۆ سوریا گواستراوەتەوە.
لایخۆیەوە پەیامنێری "تایمز"ی بریتانی لە هەژماری ئێکسدا باسی لهوهكردوه، هێزەکانی ڕوسیا ڕو لە بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە سوریا دەکەن، لەکاتێکدا فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ههیئهی تەحریر شام کە پاسەوانی دەروازەی سەرەکی دەکات، دەڵێت کە پێیان وتراوە کە "هەمویان دەڕۆن".
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کرێملین پشتڕاستی کردەوە، کە ڕوسیا پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێ لە سوریا دەکات سەبارەت بە ئامادەبونی سەربازی و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی مۆسکۆ دوای ڕوخانی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕوسیا وتی، "ئێمە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەپارێزین کە دۆخی سوریا کۆنتڕۆڵ دەکەن، چونکە ئێمە بنکەیەکی (سەربازی)مان لەوێ هەیە و نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسیمان هەیە، پرسیارەکانی پەیوەست بە سەلامەتی ئەو دامەزراوانە لە ڕادەبەدەر گرنگن".
سەرچاوە تایبەتەکان ڕایانگەیاندوە، کە ڕوسیا، سوریای ئاگادار کردوەتەوە کە هەر دەستێوەردانێک سنوردار دەبێت و لەم کاتەدا ئەولەویەتەکانی دیکەی هەیە.
سەرقاڵبونی ڕوسیا بە شەڕی ئۆکرانیا وایکردوه کە لە کاتی پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا تا ڕادەیەک لە دیمەنی "پشتگیری"دا نەبێت.
ڕوسیا بەناوی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا دەستوەردانی سەربازی کردوه و لە ساڵی 2015دا توانی بە خێراییەکی زۆرەوە کۆنتڕۆڵی سوپای سوریا بەسەر زۆرێک لەو شوێنانەدا بگەڕێنێتەوە، کە ئەمڕۆ لەدەستیداوە.
وەڵام بدەوه