دوای ئەوەی گرووپی تەحریری شام بە سەركردایەتیی ئەبو محەمەد جۆلانی توانی بە پاڵپشتیی ئەمەریكا و توركیا رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بڕووخێنێت، ئیسرائیل دەستەوەستان نەوەستاوە، لە سەرەتای رووداوەكانی ئەو وڵاتە تەواوی توانا سەربازییەكانی سووریای وێران كرد، بەهێزی سەربازی چووەتە ناو خاكی سووریا، پەیامێكی وریاكردنەوەش بۆ جۆلانی رەوانە دەكات.
وەك لە راپۆرتێكی رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلیدا هاتووە، تا ئێستە ئیسرائیل بەدوای لایەنێكی بەرپرسیار لە دیمەشقدا دەگەڕێت و ترسی لە دزەكردنی چەكداران بۆ ناو خاكەكەی هەیە، دووپاتی كردەوە كە بەوە رازی نابن و قبووڵی ناكەن، بۆیە ئیسرائیل پەیامێكی بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا رەوانە كردووە، بەوەی قبووڵ ناكەن چەكداران لە باشووری سووریا نزیك ببنەوە، بۆیە چاوەكانمان بەرانبەر بە ئێوە كراوەن.
روونی كردەوە، ئەو پەیامەی ئیسرائیل لە دوای قسەكانی جۆلانی دێت، كە رای گەیاند نیازی ململانێ و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەپێی راپۆرتەكە ئەگەر لایەنی بەرپرسیار لە دیمەشق دەركەوت، ئەوكات ئیسرائیل بیر لەوە دەكاتەوە ناوچە دابڕاوە سنوورییەكان رادەستی ئەو بكات، بەڵام تا ئەوكاتەی هیچی لەو جۆرە نەبێت، نیگەرانیی ئیسرائیل لەبارەی پارێزراویی ئاسایشی بەردەوام دەبێت.
بەپێی رۆژنامەكە، لە پەیامی ئیسرائیل بۆ جۆلانی باسی ئەوە كراوە كە سوپای ئیسرائیل بۆ بەرگریكردن لە ئاسایشی وڵاتەكەی چووەتە ناو ناوچە سنوورییە دابڕێنەكە، وەك ئامادەسازییەك بۆ ئەگەری دروستبوونی رووداوێكی هاوشێوەی حەوتی تشرینی یەكەمی 2023ی حەماس، بەڵام ئەوجارەیان لە سووریاوە و ئەوەش قبووڵ ناكەن.
وەڵام بدەوه