یەکێتی لەکابینەی نۆیەم لەھەموو پۆستە سەرەکیەکان یان سەرۆکی یان جێگری لەپشکی خۆیەتی، ھیچی وا دەسەڵاتی لەپارتی کەمتر نیە کەچی بۆ ھەر قەیران وپرسێک دەڵێن گەر حکومەت کە مەبەستیان (پارتی) یە وانەکات ئێمە دەکشێینەوە لەحکومەت یان ھیچ بەدەستی ئێمە نیە، جارێک خۆیان بە بەرپرسیار نازانن، ناڵێن پلانمان ھەیە ئەم قەیرانە تێپەڕێنین، بەشێوەیەک قسە دەکەن کەسەرۆک جێگرو وەزیرەکانی خۆیان بارمەتەن لە حکومەت دا! ھیچ دەسەڵاتیان نیە، لەکاتێک دا پێکھێنانی کابینەی نۆیەم یەک ساڵ لەکاتی خۆی دواکەت بەھۆی باڵە زۆرەکانی یەکێتی یەکلایی نەبونەوەی پۆستەکان لەنێوان خۆیان،
یەکێتی، خۆی پێ ھیچ نیە، پاڤل تاڵەبانی ھاسەرۆکی یەکێتی جارێک وتی ئیتر یەکێتی بەدوای ھیچ حیزبێک ناکەوێت بەڵکو حیزبەکانی تر بەدوای یەکێتی دەکەون، کەمەبەستی پارتی بوو، لێرە و لەوێ سەرکردە نوێیەکانی یەکێتی لەدوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی باس لەنوێ بونەوە وبەھێزی یەکێتی دەکەن، کەچی یەکەم کابینەیە یەکێتی بەشێوەیەک خۆی پێ لاوازە خۆیان وادەردەخەن کەپارتی ھیچ حسابێکیان بۆ ناکات.
سی ساڵە یەکێتی حاکمی سلێمانیە چولەکەیەکیش بەبێ ئەوان نافڕێت تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی لە زۆنی سەوز کۆنتروڵ کردووە، کەچی لەخۆپیشاندانەکانی پاڕ ساڵی سلێمانی، کاتێک توندوتیژی تێکەوت ھێزە ئەمنیەکان ھێرشیانکرده سەر خۆپیشاندەران ئازاریان دان و برینداریان کردن، چەند خۆپیشاندەرێک دەست گیرکران، پەرلەمانتار و بەرپرسەکانی یەکێتی وتیان ئەوە کارو بڕیاری یەکێتی نەبوو بەڵکو یەکێتی ئەوانی لە زیندان ئازادکرد، لەبەرامبەرداش باران لەھەولێر نەبارێت دەڵێن خەتای پارتیە!، چەند جاریش خۆیان وتوە بڕیارەکانی حکومەت تا دێگەلەن! لە سلێمانیش یەک بڕیار بەبێ یەکێتی نادرێت بەتایبەتی ھێزە ئەمنیەکان.
پێش ساڵێک ھاوسەرۆکی دەرکراوی یەکێتی تەبعەن بە قسەی خۆیان کە دەرکراوە گەر ئەوکات لەلوتکەی دەسەڵات دا بوو ئەوەندە بەلاوازی قسەیکرد دڵمان ژانی کرد بۆی وا خۆی دەرخست موختاری گەرەکێکە نەک ھاوسەرۆکی دووەم گەورەترین حیزبی کوردستانە کاتێک وتی سەرۆکی حکومەت بەھەڕەشەکردن داوای ئازادکردنی سێ دەستگیرکراوەکەی دادگای سلێمانی کردووە، کەچی خۆی پێ حاکمی سلێمانیە، ھەر جارەو بە دروشمێک دەی ووت ڕێگە نادەم خەڵکەکەم سزابدرێت بە قسەی ئەو بێت کە دەزانم ھیچ ئەسڵ وئەساسێکی نیە حاکمێکی کارتۆنی بوو بەرگەی دوو قسەی توند ناگرێت، ھیچ دەسەڵاتی نیە تەنھا قسەکەرێکی باشە!
ماوەیەکش بوو، یەکێتی بۆ پەردەپۆشکردنی عەیبەکانی ڕابردو و ئێستای سلێمانی کەلەئەستۆی خۆیانە بەلامەرکەزیەوە گرتوبویانە، بەمەرجی مانەوەی لەحکومەت دانابوو، دەیانویست ئەو عەیبانەی لەسلێمانی ھەن بخاتە ئەستۆی پارتی وحکومەت خۆی لێ بێ بەری بکات، کەچی سێ چوار مانگە ئەو لامەرکەزیەی ئەوان داوای دەکرد حکومەت پێی داوە کەچی دیاربوو کە چەند ساڵە پارتی زۆر لەعەیبەکانی ئەوان شاردبونەوە. لەھەولێر و دھوک زۆر نەماوە دابەشکردنی موچەی مانگی چوار کۆتایی دێت کەچی ھێشتا زۆرن ئەوانەی لە سلێمانی موچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە. چەندین خانەنیشن لە سرەی موچەدا گیانیان سپارد! ئەوە جگە لەو ھەموو سۆکایەتییەی بە موچەخۆران دەکرێت پاڵیان پێوە دەنێنن لەزەویان دەدەن. ھەر ئەوەش نا بەجارێک شار پڕبووە لەزبڵ و خاشاک. زبڵ و خاشاکیان پێ فڕێنادرێت.
لەسەرەتاوە تا ئێستا یەکێتی خۆی بەحکومەت نەزانیوە تا بکێشتەوە، مانەوەیان تەنھا بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانە بۆ شەخسی خۆیان نەک بۆ بەرژەوەندی گشتی ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، لامەرکەزی سلێمانی ھەروەک ئەوە وایە پارە لەگیرفانی چەپی پانتۆڵەکەت بھێنیە دەرەوە بیکەیە گیرفانی ڕاستەوە، بمانەوێت یان نا ھەتا ئێستا دوو ئیدارەیی ماوە، دوو ئیدارەیی زۆر مەزنترە لە لامەرکەزی، کەلەماوەی سی ساڵی ڕابردوو بەباشە و خراپە ئەوەی لەزۆنی سەوزە لە ئەستۆی یەکێتی یە، وئەوەی زۆنی زەردە لەئەستۆی پارتی یە، ئیتر ئەو لامەرکەزیە چیە دەیکەنە مەرج، ئەگەر ئامانج و مەبەستان پێی نەبێت، لامەرکەزی بۆ ئەو شارو ناوچانە باشە کەداھات و باجێکی زۆر بە حکومەتی ناوەند دەدەن، بۆ ئەوەی ئەو داھاتە بۆ شاری خۆیان بێت پەنادەبەنە بەر لامەرکەزی، چما یەکێتی داھاتی سلێمانی بەحکومەت دەدات یان ماوەی سی ساڵە ھەر خۆی شەش وبێشی دەکات تا داھاتی سلێمانی لەحکومەت جیابکاتەوە!.
وەڵام بدەوه