Kurdistan Press - نوێترین زانیاری لە بارەی مووچە نوێترین زانیاری لە بارەی مووچە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

نوێترین زانیاری لە بارەی مووچە

چارەنووسی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە بە رادەستکردنی نەوتەوە گرێ دراوە، کە تاوەکو ئێستا لەبارەیەوە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کۆمپانیاکان نەکراوە.

کۆبوونەوە پێشخراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 10ی ئاب، پرسی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ نەکرد، کە مووچەخۆران چاوەڕێی بوون.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە راگەیاند، "کۆبوونەوەکە زیاتر لە دوو کاژێری خایاند و پرسی مووچە باسنەکرا، رەنگە بۆ ئەوە بووبێت دەرفەتێکی زیاتر بدرێت بۆ چارەسەری بەربەستەکانی بەردەم ئەو پرسە."

بە گوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، بەربەستی سەرەکیی بەردەم ناردنی مووچە، رادەستکردنی نەوتە، ئەگەرچى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 30ى تەممووز بڕیاریدا نەوت بۆهەناردە رادەست بکات.

تاوەکو ئێستا نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە رادەست نەکراوە.

بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت، 50 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی 6ی ئابی 2025، لە کەرکووک بە پەیامنێری رووداوی گوت، "بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 130 هەزار بەرمیلە، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی رۆژانەیە و رێککەوتووین لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان 80 هەزار بەرمیلەکەی دیکە وەربگرین و لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بکەین." وەزارەتی دارایی فیدراڵی چاوەڕێی ئەوەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە ئاگادار بکرێتەوە لەوەی کە نەوتی هەرێمی کوردستان رادەست کراوە، بۆ ئەوەی حکومەت بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران بدەن."

بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ دەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستەی دارایی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەدات. هەرچی ئەو بڕە نەوتەشە کە هەناردە دەکرێت، لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە تێچووەکەى دەدرێت و بە کاتی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، تاوەکو دواتر بڕی تێچووی راستەقینە لەلایەن کۆمپانیایەکی راوێژکاریی بیانییەوە یەکلایی دەکرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، لە دانوستاندنی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان، جیاوازیی نێوانیان لەبارەی ئەو 16 دۆلارەیە کە دەدرێتە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بەرهەمبهێنن کە ئایا بەجێگیری بێت یان بەگوێرەی کواڵیتیی نەوتی کێڵگەکانیان کەم و زیاد بکات.

یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکان، پارەی تێچووی گواستنەوەی نەوتە بۆ بۆریی هەناردەکردن، بەو پێیەی هەندێک لە کێڵگەکان لەنێوان 200 بۆ 300 کیلۆمەتر دوورن لە بۆریی هەناردە و ناچار دەبن بە تانکەر بیگوازنەوە.

ئایندەی گرێبەستەکان و شێوازی دیاریکردنی بڕی تێچووی ئەو نەوتەی کۆمپانیاکان بەرهەمی دەهێنن لەلایەن کۆمپانیا راوێژکارییەکەوە لەو پرسانەن رێککەوتنی کۆتایییان لەبارەوە نەکراوە.

بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت راگەیاند،"گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەری ئەو پرسانە و دواتر رادەستکردنى نەوت."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه