کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕۆژێک پێشخراوە و بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لەوبارەیەوە بە ئاڤای گوت: سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆ دەدات و دواتر ئێوارەکەی سەردانی هەولێر دەکات.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی ناردنی مووچەی دوو مانگی ئەمساڵیانن، بەرپرسانی هەولێر و بەغداش تاوەکو ئێستا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت.
کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژانی سێشەممە بەڕێوە دەچێت بەڵام ئەم هەفتەیە ڕۆژێک پێش دەخرێت و ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەکە دەکرێت، پێشخستنی کۆبوونەوەکە بەهۆی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەوبارەیەوە بە ئاڤای گوت: تاوەکو ئێستا کارنامەی کۆبوونەوەکە ئامادە نەکراوە، ئەمشەو یان سبەی یەکشەممە کارنامە دەردەچێت.
گوتیشی: سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆ دەدات، دواتر سەردانی هەولێر دەکات.
وەزارەتی دارایی کوردستان ڕاگەیاند: لەبارەی هاتنی پارە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی خەرجکردنی پارە بکات و بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی بنێرێت و دەست بە ڕێکارەکان بکرێت، ناوەڕاست تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتووش، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، واتا لەنێوان 23 بۆ 27ی مانگ، تاوەکو کۆتایی مانگیش دابەش دەکرێت.
- حکومەتی کوردستانیش هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، میزان مراجەعەی مانگی نۆ بۆ بەغدا نێردراوە، 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆش ئامادەیە.
- تەنانەت لیستی مووچەی مانگی دەش بۆ بەغدا نێردراوە، دەستیش بە ئامادەکردنی میزان مراجەعەی مانگی 10 و کۆکردنەوەی 120 ملیار دیناری مانگی 10 کراوە.
سوودانی لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کورد کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی گرنگ دەکەن، لەوانە؛- ئەنجامی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و مەرج و داواکارییەکانی کورد بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێ.
- هاوکات لە کۆبوونەوەکان لە هەولێر، لەگەڵ سوودانی گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی دوو مووچەکەش دەکرێت، مووچەی مانگەکانی 11 و 12 کە مەترسی هەیە بفەوتێن، چونکە بەمپێیە بڕوات بەغدا تەنها مووچەی مانگەکانی 9 و 10 دەنێرێت.
بەرپرسانی کورد لەگەڵ سوودانی گفتوگۆ لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێک دەکەن بۆ ئەوەی هیچ مووچەیەک نەفەوتێت.
سوودانی ڕۆژی سێشەممە دەچێتە دهۆک و بەشداری لە شەشەمین كۆڕبەندی مێپس دەکات کە لەلایەن زانكۆی ئەمەریكی - كوردستان رێک دەخرێت و گوتارێک پێشکەش دەکات.


وەڵام بدەوه