بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەولێر سەردانی بەغدا دەکات. ئەمەش دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق دێت.
بیانوی ئەمجارەی حکومەتی عێراق ئەوەیە کە دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024دا، پشکی خۆی بە زیادەوە وەرگرتووە و بۆ ئەو دوو مانگە پارەی پێویستی لە بەشە بودجەدا نەماوە.
لەلای خۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە شایستە داراییەکانی خۆیان بە تەواوی وەرنەگرتووە. ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ئەرک و پابەندییەکانیان جێبەجێ کردووە.
بۆ بڕینی بیانووەکان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا، بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات. شاندەکە پێکهاتووە لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بە یاوەری نوێنەری وەزارەتی دارایی. شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مەسرور بارزانی لەسەر هێڵە و سوورە لەسەر ئەوەی "نابێت هیچ مووچەیەک بفەوتێت" و دەبێت رێگەچارەیەک بۆ دابینکردنی ئەو دوو مووچەیەی مووچەخۆران بدۆزرێتەوە.


وەڵام بدەوه