بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 21/1/2026، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی و بێپێشینەی تۆمار کرد و بۆ یەکەمجار بەربەستی 4800 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند.
ئەم بازدانە گەورەیەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ئاستی جیهاندا گەیشتوونەتە لوتکە. هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ وەک "پەناگەیەکی ئارام" لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە، دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ (NATO) سەریهەڵدا.
سەرچاوە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵەکانی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "گرینلاند" و هەڕەشە دوولایەنەکانی نێوان واشنتن و وڵاتانی ئەوروپا، بازاڕەکانی تووشی شڵەژان کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانەدا، بەهای دۆلاری ئەمریکی دابەزینی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش زیاتر ڕێگەی بۆ گرانبوونی زێڕ خۆش کردووە.
چاودێرانی بازاڕ هۆشداری دەدەن کە ئەگەر بارودۆخە سیاسییەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و هەڕەشە سەربازییەکان بچنە قۆناغێکی کردەییەوە، ئەگەری هەیە نرخی زێڕ ڕیکۆردی زیاتریش بشکێنێت و کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ئابووریی جیهان و نرخەکانی دیکە دروست بکات.


وەڵام بدەوه