لەوەتەی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دامەزراوە، تەنگژەی دۆلار لە عێراق سەری هەڵدا، ئەمەریكا دۆلار وەك چەكێك لە بەرانبەر بەو حكوومەتە بۆ پاراستنی بەرژوەندییەكانی و بۆ رێگری لە لایەنگریی تەواوی عێراق بۆ بڕیارەكانی ئێران بەكاردێنێت، هاوكات ئەمەریكا لە پیادەكردنی سیاسەتی دار و گێزەر لە ناوچەكە بەردەوامە، باڵوێزی ئەمەریكا لەبارەی نرخی دۆلارەوە قسەی دڵنەواكەر دەكات.
ئەمڕۆ ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، زۆرێك لە بانكەكانی عێراق بۆ جاری یەكەم پێوەندییان لەگەڵ بانكە ناودەوڵەتییەكان دروست كردووە، ئەوەش هەنگاوێكی ئەرێنییە لە پێشوەچوون لە بواری چاكسازی لە كەرتی بانكیدا، ئێمە لە پێشكەشكردنی خزمەتكوزارییەكانی دۆلاری ئەمەریكی بۆ عێراق بەردەوام دەبین، بەو شێوەی خزمەت بە سەقامگیریی ئابوورییەكەی دەكات.
ئەگەرچی لە ماوەی دواییدا نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق رووی لە داكشان كردووە و هەر 100 دۆلار نرخەكەی لە بازاڕ گەیشتووەتە 152.750 هەزار دینار، نرخی كڕینیش لەوە كەمترە، بەڵام بەشێك لە شاراەزایانی ئابووری پێیان وایە كە بەهۆی چارەسەرنەكردنی هۆكاری راستەقینەی بەرزیی نرخی دۆلار لە بازاڕ، ئەگەر هەیە جارێكی تر نرخی دۆلار روو لە هەڵكشان بكاتەوە.
لە ماوەی دوایی بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا چەند رێوشوێنێكی هاوبەشیان لەگەڵ بانكی ناوندیی عێراق پێڕەو كرد و چەند رێككەوتنێكیان واژوو كرد، ئەوەش بە مەبەستی یارمەتیدانی عێراق لە راستەڕێكردنی كەرتی بانكی و جێگیربوونی نرخی دیناری عێراقی، بەڵام تا ئێستە عێراق بەهۆی بازرگانی و جموجۆڵی گەشتیاری بۆ ئێران نەیتوانیوە كۆنترۆڵی ئەو دۆلارە زۆرە بكات كە لە بازاڕەكەی ساغ دەبێتەوە.

وەڵام بدەوه