بەهۆی خواردنی خراپ لە زەماوەندێكی هاوسەرگیریدا لە پارێزگای ئەنباڕ لە ناوەڕاستی عێراق، زیاتر لە 100 كەس ژەهراوی بوون و گەیەنرانە نەخۆشخانە.
شەوی رابردوو لە چوارەم رۆژی جەژنی قورباندا لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە شارۆچكەی گەرما لە پارێزگای ئەنباڕ زەماوەندێكی هاوسەرگیری بەڕێوەچوو و خەڵكانێكی زۆر ئامادەی زەماوەندەكە بوون.
بەهۆی ئەو خواردنەی لە زەماوەندەكەدا بەسەر ئامادەبووان دابەش كرا، رێژەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان تووشی ژەهراویبوون هاتن و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 100 ئامادەبووی زەماوەندەكە گەیەنرانە نەخۆشخانە.
فەرمانگەی تەندروستی ئەنباڕ رایگەیاند كە نەخۆشەكان تووشی ئازارێكی زۆری گەدە و سكچوو و رشانەوە ببوون و تەنانەت دۆخی تەندروستی هەندێكیان زۆر خراپ بوو.
راشیگەیاند كە خۆشبەختانە بەهۆی خواردنە خراپەكەوە هیچ كەسێك گیانی لەدەست نەداوە، بەڵام هەندێ لە نەخۆشەكان تا ئێستا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.
وەڵام بدەوه