سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات ڕۆژی پێنجشەممە کۆببنەوە. داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات هاوکاربن.
نزیکەی هەشت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەڵام هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێک.
محەممەد شیاع سوودانی ئەمشەو داوای لە لایەنە براوەکانی کەرکووک کرد کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆی پێنجشەممە 11-7-2024 بەسەرپەرشتی بەتەمەنترین ئەندام کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکەن.
سوودانی دەڵێت: لەسەر بنەمای ئەو کۆبوونەوانەی لە ڕابردوودا کراون، گەیشتین بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانیی ئیدارەی کەرکووک، بۆ ئەوەی هێزە براوەکان لەخۆبگرێت، لەسەر ئەم بنەمایە بانگهێشتی لایەنەکان دەکەین بۆ یەکەم کۆبوونەوە.
سوودانی داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات هاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە گفتوگۆ سیاسییەکاندا لەسەری ڕێککەوتوون و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو وتوێژانە تەواو بکرێن.
ڕۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق کرا، کورد لە پارێزگای کەرکووک توانی لەکۆی 16 کورسی، حەوت کورسی (یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی) لەگەڵ کورسییەکی کۆتا بەدەستبهێنێت.
وەڵام بدەوه