دوای پێداگریی نووری مالیکی لەسەر دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان پێش یەکلاییکردنەوەی بابەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت؛ رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین هەڵوێستیدا رایگەیاند، "سوێند بە خودا گەندەڵ لە نێو ئێمەدا حکومڕانی ناکات و منیش پشتیوانی گەندەڵی ناکەم."
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی سێشەممە 9ی ئابی 2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "سوێند بە خوێنی تۆ ئەی حەیدەر [پێشەوا عەلی کوڕی ئەبی تالیب] و بە کوڕە سەربڕاوەکەت، سوێند بە خودا گەندەڵ لەنێو ئێمەدا حکومڕانی ناکات، منیش پشتیوانیی گەندەڵی ناکەم، ئاخۆ هیچ کەسێک نییە پشتیوانیمان بکات؟"
نووری مالیکی، سەرکردەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا شەوی رابردوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەبۆنەی رێوڕەسمی عاشووراوە، کە چلەی ماتەمینیی کوژرانی ئیمام حوسێنە، رایگەیاند، "پەرلەمان هەڵناوەشێندرێتەوە، سیستم ناگۆڕدرێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەناچێت تاوەکو پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی نەکاتەوە. هەر پەرلەمانیش ئەم داواکارییانە تاوتوێ دەکات و هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکەین."
لە 30ی تەممووزی 2022ەوە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا مانگرتنیان راگەیاندووە و رێگەنادەن پەرلەمان کۆببێتەوە. لە کاتێکدا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پێداگری لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت دەکات.
وەڵام بدەوه