کۆمەڵگای عێراقی سەد ساڵە سیستەمی پەرلەمانی ڕەتدەکاتەوە!
پرۆسەی دانانی نوێنەرایەتی گەل و دامەزراوەیەک کە گوزارشت لە مافەکانی گەل بکات هەزاران ساڵی خایاندووە لە ناو گەلانی پێشکەوتوو تا گەیشتە ئەمڕۆ، کە گەل توانیویەتی ماف وئەرکەکانی خۆی ودەسەڵاتدارانی کە بە دەنگی ئەو هاتونەتە سەر حوکم دیاری بکات . بۆیە دەبینین لە نێو گەلانی پێشکەوتوو مافەکان وئەرکەکان وەک نەریتێکی لێهاتووە گەل ڕێگانادات دەسەڵاتدارانی بە هیچ پاساوێک ئەو مافانە پێشێل بکات ،بۆیە دەستورو پەرلەمان ئەو بنەمایانەن کە دەسەڵات وئەرک مافەکانیان لە سەر دامەزراوەو، بۆیە هیچ کەس ولایەنێک ناتوانێت داوای نەهێشتنی دامەزراوەی پەرلەمان بکات بۆ دەسەڵاتێکی سەرۆکایەتی یان هەر ئەلتەرناتیفێکی دیکە ،لە کۆمەڵگای دواکەوتوو کە هیچ باکراوندێکی دیموکراتی نەبووە بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتدارانی وەک خەلیفەو سوڵتان وئەمیر وشاکانیان خەڵکیان بە مێگەل زانیوەو خۆشیان بە نێردەو سێبەری خوا زانیوە لەسەر زەوی، بۆیە هیچ نوێنەرایەتیەکی گەل لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا نییە، لەبەرامبەردا دەزگای داپلۆسێنەر کە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی سوڵتانەکان دەکرد بوونی هەبوو ،هێنانی پەرلەمان بۆ کۆمەڵگا دواکەوتووەکان لەزۆر ڕووەوە سەرکەوتوو نەبووە ، لەوانە گەل ئینیمای بۆ ئەو قەوارەیە نییە کە تێیدا دەژیت ئەوەندەی ئینتیمای بۆ خێڵ و مەزهەبەکەی هەیە بۆیە کاتێک نوێنەریشی بۆ پەرلەمان دەنێرێت هەر لەسەر بنەمای خێڵ ومەزهەب دەیانێرێت نەک شایستەیی ئەو کەسە ،گەل پەرتەوازەیەو هیچ مومارەسەیەکی دیموکراتی نییە لە بنەڕەتدا نازانێت ماف وئەرکەکانی چییە ؟لەسەرەنجام سەرەڕای بوونی دامەزراوەیەک بەناوی پەرلەمان بەڵام کارتۆنیەو گوزارشت لە بەرژەوەندی بیروڕای گەل ناکات، ئەوەندەی گوزارشت لە خێڵ و حیزب و مەزهەب دەکات ،لەو کێشەیەی نێوان موقتەدا سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر جار گوێمان لێدەبێت کە خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ودەستور دەکەن، هەروەها داوای جۆرە حوکمێکی سەرۆکایەتی دەکەن ،ئەوەش بەڵگەن کە گەلانی عێراق بە هۆی کەلتورە دواکەوتووەکەیان ناتوانن ئیدارەی دیموکراتیانەی پەرلەمان بکەن هەر حیزبێک لە پەرلەمان بووە زۆرینە هەوڵی کودەتاکردن بەسەر پەرلەمان و حیزبەکانی دیکە دەدات، تا بەبەردەوامی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت ،کە کەلتوری ڕاستەقینەی گەلانی عێراقە، بۆیە دەبینین هەر لەدوای ساڵی 1921 کە ئینگلیزەکان عێراقیان دروست کرد پەرلەمانیشیان بۆ دانا ،کە فرە حیزبی و ڕۆژنامەگەری ئازادیشی هەبوو ،بەڵام بەهۆی کەلتوری دواکەوتوو (عەبدولکەریم قاسم )زۆر بە ئاسانی توانی کودەتای سەربازی بکات پەرلەمان نەهێڵێت حوکمی سەربازی تاکەکەسی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت ،بەعسیەکان هاتن بە هەمان شێوە ، لە دوای بەعسیش کە ئەمریکا پەرلەمانی بۆ عێراق هێنا، ئێستا ئەو دامەزراوەیە دووچاری بنبەست بووە، هۆکارەکەیشی وەک گوتمان نەبوونی کەلتورێکی عەلمانی دیموکراتی پەرلەمانییە، لەگەڵ دەستوەردانی دەرەکی بەتایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی کە دەنگیشیان نەهێناوە، بەڵام بە پشتیوانی ئێران ئامادەنین ببنە ئۆپۆزسیۆن ،ئەوەش بۆتە هۆی چەقبەستنی پەرلەمانی عێراق .
ن.فوئاد ساڵەیی
وەڵام بدەوه