وەزیرەکەی سەدر بە تەنزەوە باسی کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ کازمی و سەردانەکەی عەمار حەکیم بۆ سعودیە دەکات و دەڵێت، "ئەوەی جێگەی سەرنجە، دوای چەند کاژێرێک لە تەواوبوونی گفتوگۆکە، یەکێک لەوانە، سەردانی شانشینی عەرەبستانی دۆستی کردووە."
وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، زۆربەی بەشداربووان، تەنیا گرنگی بە مانەوەیان دەدەن لەسەر کورسی و "گەلیش بە گفتوگۆکانیان هەڵناخەڵەتێت، مانەوەیان درێژە ناکێشێت، ئەگەر شۆڕشەکەتان درێژە بکێشێت."
رۆژی چوارشەممە 17ی ئابی 2022 کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى عێراق لە بەغدا کۆتاییهات و بەشداربووانی کۆبوونەوەکە رایانگەیاند، لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتوون، لەوانەش هەڵبژاردنى پێشوەختە بەگوێرەى رێکارەکانى دەستوور، هەروەها داوا لە رەوتی سەدر بکرێت بەشداری لە دیالۆگى نیشتمانى بکات و لایەنە ناکۆکەکانیش گرژییەکانی نێوانیان رابگرن
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ساڵح محەممەد عێراقی، وەزیری سەرکردە، کە بە وەزیری سەدر ناسراوە، لە تویتێکدا لە هەژمارەی تایبەتی خۆی دەڵێت، "ئەو دیالۆگەی سەرۆکوەزیران، جێگەی سوپاسە، کۆبوونەوەکە باسی هیچی نەکردووە، تەنیا هەندێک خاڵی بێهودە نەبێت، تایبەت بە گەل نەبووە و نە بە خزمەت و نە بە شکۆ و نە بە خواستەکانیەوە. زۆربەی ئەوانەی بەشداربوون، تەنیا گرنگی بە مانەوەی خۆیان دەدەن لەسەر کورسی، هەوڵدەدەن شۆڕش بچووک بکەنەوە و لە داواکارییەکان دووری بخەنەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوی کۆبوونەوەی لایەنەکان، سەرکردە سیاسییەکان جەختیان لە دۆزینەوەى چارەسەرى قەیرانەکان کردووەتەوە بە رێگە دیالۆگ و بەردەوامیدان بە پرۆسەى دیموکراسیی دەستوورى. ئاماژە بەوە دراوە، کە هەڵبژاردنى پێشوەخت بەگوێرەى رێکارە دەستوورییەکان بکرێت. هەروەها داواش لە رەوتى سەدر کراوە کە بەشداربێت لە دیالۆگى نیشتمانى بۆ گەیشتن بە چارەسەرى گشتگیر.
بەبێ ناوهێنانی هیچ بەرپرسێکی نێو کۆبوونەوەکە ساڵح محەممەد عێراقی داوای وازهێنانیان لە کورسییەکانیان دەکات و دەڵێت، "شۆڕش هیچ شتێکی لە ئێوە ناوێت، جگە لە وازهێنان لە کورسی، کە بە ناحەق خۆتان سەپاندووە، هەموو خەمتان پێکهێنانی حکومەتە، بۆئەوەی زیاتر دەست بە دەسەڵاتەوە بگرن، ریشەی دەوڵەتی قووڵی خۆیان دابکوتن. حوکم بە چارەنووسی گەل دەکەن، گەلیش بوونیانی رەتکردووەتەوە."
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانیش، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەردانێک گەیشتە عەرەبستانی سعودیە. ساڵح محەممەد عێراقی، لە وتەکەیدا باسی دەکات و دەڵێت، "ئەوەی جێگەی سەرنجە، دوای چەند کاژێرێک لە تەواوبوونی گفتوگۆکە، یەکێک لەوانە، سەردانی شانشینی عەرەبستانی دۆستی کردووە.
وەزیرەکەی سەدر پێیوایە، ئەگەر ئەوان ئەو کارەیان بکردایە، "ئەوا دەیانگوت، ئەو گفتوگۆیە بە گوشاری دەرەکی و ئاماژەی ئەوانەیە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروستکردووە و ئەمریکا و هاوشێوەکانییەتی." جەختیش لەوە دەکاتەوە، "بەگشتی دانیشتنی نهێنی-یات، لای ئێمە هیچ گرنگییەکی نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەڵێم: گەل لە دژتان زیاتر توڕە مەکەن، کارێک مەکەن گەل ترسی زیاتر بێت لە پرۆسەی سیاسی، بەپێی ئەو پێوەرەی خۆتان پلانی بۆ دادەنێن."
کۆبوونەوەی لایەنەکان لە بەغدا لەسەر داواى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بوو، تێیدا جگە لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق، نوێنەرى لایەنە سیاسییەکان بەشداربوون.
ساڵح محەممەد عێراقی داوای کۆبوونەوەی ئاشکرا لە لایەنەکان دەکات و ئامۆژگاریی لایەنەکان دەکات، "ئەگەر دەتانەوێت کورسیی بەتاڵ پڕبکەنەوە، ئەوا پێویستە کۆبوونەوەی ئاشکرا بکەن و راستەوخۆ بۆ گەلی عێراق بگوازرێتەوە، تاوەکو گەل ئاگاداربێت لەپشت پەردە چی دەگوزەرێت لە پیلانگێڕی و ئەو دزەکردنانەی کە بە داخێکی زۆرەوە تاوەکو ئیستا سەرکۆنە نەکراوە."
جەختی لەوەش کردووەتەوە، "گەل تەنیا بۆ خودا دەچەمێتەوە، هیچ خێرێک بە گفتوگۆکانتانەوە نییە، تاوەکو کەی لە کەلی شەیتان نایەنە خوارەوە، بە شێوەیەکی بوردجوازیانە مامەڵە دەکەن، خۆتان بێئاگا پیشاندەدەن لە کۆژانەکانی گەل و مامەڵە بە دارایی و مافەکانیانەوە دەکەن، بەبێ بەرچدانەوەیەکی تووندی دادگە یان نێودەوڵەتی."
لە کۆتاییدا وەزیرەکەی سەدر پەیامێک ئاراستەی خۆپێشاندەران دەکات و دەڵێت، "گەل بە گفتوگۆکانیان هەڵناخەڵەتێت، کە لە ماڵی جاڵجاڵۆکە ئاسانترە، مانەوەیان درێژە ناکێشێت، ئەگەر شۆڕشەکەتان درێژە بکێشێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و رەوتى سەدر لەبارەى پێکهێنانى حکومەتەوە ناکۆکن، رەوتى سەدر داوا دەکات پەرلەمان بەبێ کۆبوونەوە هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنى پێشوەختە بکرێت، بەڵام چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ ئەوەیە پەرلەمان کۆببێتەوە و حکومەتێکى نوێ پێکبهێندرێت ئەو کات بڕیار لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و هەڵبژاردنى پێشوەختە بدرێت.
وەڵام بدەوه