پارێزەرى سکاڵایەکى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریداوە 15 سکاڵاى تایبەت بەو پرسە بکات بە یەک پاکێج و سێ رۆژى هەفتەى داهاتوو وردبینى بۆ دۆسێکان دەکات. دەشڵێت، رۆژی 7ى ئەیلوولیش دوابڕیار لەو بارەوە دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-09-2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا 7ى ئەیلوول دوابڕیار لەبارەى ئەو سکاڵایانەوە بدات کە تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق پێشکێشى کراون. باسی لەوەش دەکات کە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى دادگەکەدا نوێنەرى یاسایی سەرۆکى پەرلەمان ئامادە بوو و، بە تەلەفۆنیش لەگەڵ نوێنەرانى یاسایی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران قسە کرا.
عەلى مەولا، پارێزەرى سکاڵایەکى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق کە ئامادەى دانیشتنى دادگەکە بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا نوێنەرى یاسایی سەرۆکى پەرلەمان ئامادە بوو، بەڵام لە رێگەى تەلەفۆنەوە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانى یاسایی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران کرا. بڕیاردرا 15 سکاڵاى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەکبخرێن کە نزیکن لە یەکەوە. سکاڵاکەى ئێمە و نەسار روبەیعى، ئەمیندارى گشتیى رەوتى سەدریش یەکخران".
عەلى مەولا، پارێزەری ئەو سکاڵایەیە کە لە مانگى ئایارى رابردوودا هادى سەلامى، پەرلەمانتارى سەربەخۆى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تۆماریکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.
ئەو پارێزەرە ئاماژەى بەوەدا کە کارکردنى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى سکاڵاکانى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان ناوەستێت و رۆژانى 4،5،6ى ئەیلوول وردبینی لە دۆسێکاندا دەکرێت و کۆبوونەوەی رۆژی 7ى ئەیلوولیش تایبەت دەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسێکە. گوتیشى: "بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە زەحمەتە، چونکە لە ساڵى 2005ـەوە یەکەمجارە سکاڵایەکى لەو جۆرە بچێتە ئەو دادگەیە بۆ مەبەستی بڕیاردان لەسەری".
سکاڵاکان دژى هەریەک لە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکى پەرلەمانى عێراقن و داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە لایەن سەرۆککۆمارەوە دەکەن.
10ى ئاب، رەوتى سەدر داواى لە پەرلەمانتارانى دەستلەکارکێشاوەی فراکسیۆنەکەى و لایەنگرانى کرد سکاڵا پێشکێش بە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان، بە پاساوی ئەوەی ماوەى دەستووریى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار تێپەڕیوە.
31ى ئاب، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یەکەم کۆبوونەوەى بۆ تاوتوێکردن و وردبینیى سکاڵاکان ئەنجامدا.
وەڵام بدەوه