Kurdistan Press - پارێزگاری بانكی عێراق : سپیكردنەوەی پارە شكست بە سەقامگیریی دێنێت پارێزگاری بانكی عێراق : سپیكردنەوەی پارە شكست بە سەقامگیریی دێنێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پارێزگاری بانكی عێراق : سپیكردنەوەی پارە شكست بە سەقامگیریی دێنێت

 عێراق بەدەست سپیكردنەوەی پارەوە گرفتار بووە و پارێزگاری بانكی ناوەندیش دەڵێت: سپیكردنەوەی پارە شكست بە سەقامگیریی دێنێت و لێكترازانی هەموو دەزگاكانی لێ دەكەوێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 28ـی ئایار، كۆنفرانسی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە لە بەغدا بەڕێوە چوو. بەغدا دەیەوێت رێگە لەم پرۆسە مەترسیدارە بگرێت كە چەندان ساڵە بەرۆكی حكوومەتی گرتووە و بووەتە هەڕەشە لەسەر داهاتووی وڵاتەكە.

پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە كۆنفرانسەكەدا  گوتی: ئەركە لەسەر هەموومان، سپیكردنەوەی پارە لە ڕیشەوە بنبڕ بكەین، ئەگەر وا نەكەین شكست دێنین.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق ڕای گەیاند، ئێمە كار بۆ سەپاندنی سەقامگیریی پارە دەكەین، باش دەزانین كە سپیكردنەوەی پارە و پشتیوانیكردنی تیرۆر، تەنیا پرسێكی مادی نییە، بەڵكو دەرگایەكە بۆ شكستهێنان بە سەقامگیریی و لێكترازانی هەموو دەزگاكانی عێراق لەڕووی سیاسی و دارایی.

ئاماژەی بەوەش كرد، هاوئاهەنگی و پێكەوە كاركردن بژاردە نییە، بەڵكو ئەركە لەسەر هەموومان، بۆ ئەوەی سپیكردنەوەی پارە لە ڕیشەوە بنبڕ بكەین. دەشڵێت: عێراق لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان بەشێوەیەكی باش هاوئاهەنگیی كردووە، هەروەها كارمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پشتیوانی تیرۆر كردووە.

عەلی عەلاق گوتیشی: عێراق پابەندە بە توندكردنی هەموو ئەو ڕێكارانەی دەبنە هۆی بنبڕكردنی سپیكردنەوەی پارە، لەوبارەوە ئەزموونمان لە وڵاتان وەرگرتووە و كۆمەڵێك خاڵی بەهێزمان بۆ سەقامگیریی پارە وەرگرتووە، بەدواداچوون بۆ ئەو پارانەی هەناردەی دەرەوە كراوە دەكەین، بەم هۆیەشەوە زانیارییەكان لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ دەكەین.

ڕوونیشی كردەوە، كۆمەڵێك خاڵی لاوازمان هەیە پێویستە سەرنجیان بدەین و چارەسەریان بكەین، بۆ ئەوەی مەترسیی سپیكردنەوەی پارە كەم بكەینەوە، هەروەها بەردەوامین لە هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمەڵەی كاری دارایی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ سپیكردنەوەی پارە دابنێین.

پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق ڕاشی گەیاند، كارمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو پارانە بۆ شتێك نەچێت كە زیان بە وڵاتەكەمان بگەیەنێت و ببێتە مەترسی، هەروەها ئەو ڕێكارانەی گرتوومانەتە بەر، بریتییە لە چاودێریكردنی ئەو پارانەی دەچنە دەرەوەی وڵات، بەمەش وردبینیی تەواو لەو بڕە پارەیە و ناوی بانكەكان دەكەین، ڕێگریش لە بەكارهێنانی ئەو پارەیە دەكەین بۆ مەبەستی تر بەكار بهێنرێت جگە لەو مەبەستەی كە پێشكەشی بانكی ناوەندی كراوە.

عەلی عەلاق باسی لەوەش كرد، سیستمی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیمان لە ڕێگەی بانك و پەنجەرە ئەلیكترۆنییەكانەوە توندتر كردووە، چاودێریمان خستووەتە سەر ئەو دراوە بیانییانەی دێنە عێراق، بۆ ئەوەی بزانین دەچێتە دەستی چ كەس و لایەنێك.

دووپاتیشی كردەوە، سەرنجمان خستووەتە سەر كەرتی وەبەرهێنان و خانووبەرە و كۆمەڵێك ڕێكارمان لەوبارەوە گرتووەتەبەر، كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسیی سپیكردنەوەی پارە لە ڕێگەی فرۆشتنی خانووبەرە، هەروەها یەكێك لەو خاڵانەی جێبەجێمان كردووە، بریتییە لە كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە ڕێگەی بانكەكانەوە.

دەشڵیت: ئێمە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كارمان كردووە و سوپاسیان دەكەین كە هاوئاهەنگییان كردووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە، كە هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە نوێنەری لای ئێمە هەیە، ئەمەش مانای وایە بڕیارەكانی بانكی ناوەندی لە هەموو عێراق جێبەجێ دەكرێت. 

بەهۆی سپیكردنەوەی پارە و گەیشتنی پارە بەگرووپەكانی نزیكی ئێران و دواتریش بردنی بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەریكا چەندان جار لە ئاستی باڵا فشاری خستە سەر عێراق تا ئەو كارە رابگیرێت، بەڵام هێشتا وادەردەكەوێت عێراق سەركەوتوو نەبووبێت لە سپیكردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی بۆ كاری تێكدەرانە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه