جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی نێوان خۆی و دوو وەزیرەكەی پارتی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكرا دەكات و دەڵێت، "پەیامێكی سەرۆك بارزانیمان گەیاندووەتە سوودانی".
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتە و تیایدا ئاماژەی بە ئەوە داوە كە دوو ڕۆژ پێش ئێستا لەگەڵ هەریەك لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بەنگین ڕێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق تایبەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە.
- كۆبوونەوەكە ڕۆژی یەكشەممە بەرێوەچوو و زیاتر لە یەک كاتژمێری خایاند و کۆبوونەوەیەکی شەفاف بوو، هەروەها پەیامی سەرۆک بارزانیمان گەیاند کە ناکرێت لەژێر هەر پاساوێک مووچەی خەڵک ببڕدرێت و بەتایبەتی ئێمە لەبەردەم جەژنین، تەنانەت من وتم خەڵک تاوانی ئەنجام داوە کەچی سەرۆکی وڵاتان لە جەژندا لێبوردنی گشتی دەردەکەن کەچی وەزارەتی دارایی مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە و ئەم بابەتە کاردانەوەی خراپی دەبێت لە کوردستان.
- یەکێک لە بیانووەکان کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ بوو، گوتم ئەویش هۆکارەکەی بەغدایە بە هۆی ئەو بازگە و سەرانە وەرگرتنەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دانراوە، بازرگانەکان کاڵاکانیان دەبەن لە دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق داخڵی ناوەڕاست و باشووری دەکەن و بەو هۆیەوە داهاتی خاڵە سنوورییەکان 100 میار دینار مانگانە کەمی کردووە، بە هۆی کەمی جوڵەی بازرگانیش باج و ڕسووماتیش دابەزیوە.
- سەبارەت بە پرسی نەوتیش بە سەرۆكوەزیرانی عێراقم گوت، بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی نەوت هەڵگرن با دەست بە هەناردە بکرێتەوە ئەوکات ئەو مەلەفە دادەخرێت و ئیتر لەلایەن حکومەتی عێراق هەناردە دەکرێت و پێداویستی ناوخۆی هەرێمیش دابین دەکرێت و ئێستا لە قۆناغی کۆتایین، دوای ئەم گفتوگۆیانە گوتی باشە با دادگا بڕیارێک بدات و فەرمانێكی وەلائی لەسەر سكاڵایەك دەربكات، منیش مووچە خەرج دەكەم، ئێمەش پێداگریمان لەسەر داوای سەرۆک بارزانی بۆ خەرجکردنی مووچە پێش جەژن كرد، دوای کۆبونەوەکە راستەوخۆ سکاڵا تۆمار کرا و کەوتینە بەردەم گرفتی تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی دادگای فیدراڵی بۆ دانیشتن و دەرکردنی فەرمانێكی وەلائی.
- بەهۆی ئەوەی سەرۆك و چوار دادوەری دادگەی فیدراڵی لە گەشتی حەجن، ئەوەی ماوەتەوە چوار دادوەر و چواری دیكەی یەدەگیش هەن، بەڵام هێشتا ناتوانن دانیشتن بكەن، داوامان کرد بەشێوەی ئۆنڵاین و ڤیدیۆیی بێت، لەبەر جەژن و تا ئەمڕۆش بەردەوام ئەو داوامان کردووە، بەڵام ڕەزامەندی نەهاتووە، ئەوەش هۆکار بوو کە وەزیرەکانی ئێمە بەشداریی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران نەکەن، چونکە بڕینی موچە پێش جەژن ناحەقییەکی گەورەیە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان دەکرێت.
- هەوڵەکانمان ئەمجارە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئارستەی چارەسەری یەکجاری ئەم کێشەیە ئەگینا ئەنجامەکەی باش نابێت.
وەڵام بدەوه