عێراق بۆ پاراستنی ئاسمان و زەمینی، پێویستیی بە مانەوەی هاوپەیمانانە
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی شەممە 7ی 6ی 2025، پێویستیی عێراقی بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسمانی و زەمینیی وڵاتەكە، لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی ئاستەنگە ئەمنییەکان کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، دووپات كردووەتەوە.
یاسر ئەسکەندەر ، ئەندامی لیژنەکە بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە، "عێراق پێویستیی بە پاڵپشتیی لۆجستیی بەرچاو هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی، بەتایبەتی کە توانا ئاسمانییەکانی بەس نین بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ئاسمانی، بۆیە بەردەوامبوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گرنگە."
ئەسكەندەر ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزیری بەرگریی عێراق، لە لێدوانەکانی پێرێدا داوای بەردەوامبوونی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە عێراق كردووە.
ئەمە لە كاتێكدایە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر میلیشیاكانی عێراق دووبارە هەڕەشەیان لە هێزەكانی ئەمریكا كردەوە و داوایان كرد وڵاتەكە جێ بهێڵێت.
وەڵام بدەوه