بەپێی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی (العرب)، سەردانەكەی رۆژی دووشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ی سوودانی بۆ پارێزگای ئەنبار، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانیی عەرەبە سوننەكان بووە تاوەكوو دوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، سوودانی دووبارە بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەم سەردانەشی بە ناچاری كردووە.
رۆژنامەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی سیاسی لە بەغداوە بڵاوی كردۆتەوە، ناكۆكیی توند دروست بووە بەهۆی ئەوەی هێزە شیعییە باڵادەستەكان بەزۆر بڕیاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان بەسەر حكوومەتی فیدڕاڵیدا سەپاندووە، لە كاتێكدا ئەگەر نەیانسەپاندایە، سوودانی لەم كاتەدا پشتیوانیی لە دەركردنی بڕیارێكی لەم شێوەیە نەدەكرد، بەتایبەتیش كە دەزانێت دوای هەڵبژاردنەكان، پێویستیی بە پشتیوانیكردن دەبێت تاوەكوو ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق.
رۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، پێچەوانەی سیاسەتی پێشووی سوودانی بووە كە خۆی لە رازیكردنی پێكهاتەكان دەبینێتەوە، بەڵكوو ”وەك سزایەكی بەكۆمەڵی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە.“
جەختیشی كردۆتەوە: ”ئەم بڕیارە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر پەیوەندیی نێوان سوودانی و حكوومەتەكەی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.“
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئەو لایەنەی زۆر لەم بڕیارە سوودمەند دەبێت، ئەو حزب و كەسایەتییانەن كە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كێبڕكێ لەگەڵ سوودانی دەكەن، چونكە لە ڕێی ئەم بڕیارەوە، ڕێگەی لەبەردەم دادەخەن بۆ گەیشتنەوە بە گەڕی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
وەڵام بدەوه