پەرلەمانتارێکی کورد لە عێراق دەڵێت، دوای کۆبوونەوەکانی شاندی تەکنیکیی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری سامانە سرووشتییەکان گەیشتە بەغدا و دەستیان بە کۆبوونەوە کردووە.
رۆژی شەممە، 28ـی حوزەیرانی 2025، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە عێراق راگەیاند: "لە پێنجشەممەوە شاندێکی تەکنیکیی عێراق لە هەرێمی کوردستانن و لە ماوەی ئەو چەند رۆژە کۆبوونەوەی بەردەوامیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کردووە، کۆبوونەوەکان ئەرێنی و باشبوون".
بە گوتەی ئەو ئەندام پەرلەمانە، ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، شاندێکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە.
لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانیی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ـی شوباتی ئەمساڵ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
26ـی حوزەیرانی 2025، شاندێکی عێراق گەیشتنە هەرێمی کوردستان و شاندەکە تەکنیکی بوو؛ لە چەند لایەنێکی پەیوەندیداری وەزارەتی دارایی، نەوت و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پێکهاتبوون. شێروان دووبەردانی دەڵێت: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بەغدا تەواوکەری کۆبوونەوەکانی شاندەکەن لە هەرێمی کوردستان".
گوتیشی، "بە ئەگەرێکی زۆر ئەم هەفتەیە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچەی مووچەخۆران چارەسەردەکرێت". ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەنێو شاندەکەی هەرێمی کوردستانن و سبەی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە.
25-06-2025، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە، لەگەڵ بەغداش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین، دوێنێ شەو خۆم لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریش قسەم کردووە و لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانیش قسەم کردووە کە ئێمە بەرەو چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین.ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە رایانگەیاند کە ئامادەن لە ماوەیەکی زۆر زۆر نزیک لەم یەک دوو رۆژەدا، شاندێک بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بکەونە گفتوگۆی راستەقینە لەسەر ئەم بابەتە و چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".
28ـی ئایاری 2025 وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەوە ئاگادارکردەوە چی دیکە ناتوانێت پارە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ بنێرێت، بە پاساوی ئەوەی پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، و نەبوونی تەرخانی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.
دواین جار، 13-05-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە.
وەڵام بدەوه