مامۆستایەكی زانكۆی سەلاحەدین، ئاماژە بەوە دەدات، كە هەندێک لە زانکۆکانی عێراق لەکێشەی خاوێنی و دەستپاکی لە توێژینەوە Research Integrity (IR) تێوەگلاون.
یاسین مامەند، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، لە كۆلێژی ئەندازیاریی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەدین - هەولێر، بۆ (باسنیوز)، ئەوەی خستەڕوو كە یەکێک لەو پێوەرانەی لەم ساڵانەی دوایی ئیشی لەسەر کراوە بۆ پۆڵێنکردنی زانکۆکان بریتییە لە پێوەری نەزاهە و خاوێنی لە توێژینەوە (Research integrity)، ئەم پێوەرە لەلایەن پڕۆفیسۆرێکی زانکۆی ئەمریکی لە لوبنان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی توێژینەوە لە زانکۆکان دامەزراوە و کە پشت دەبەستێت بەدوو پێوەر، کە بریتین لە توێژینەوەی سەحب کراوە و ڕاکێشراوە لە گۆڤارە زانستییەکان (Retracted) و بڵاو کردنەوەی توێژینەوە لەو جۆڕناڵانەی کە دەرهێنراون لە سکۆپەس و کلاریڤەیت (Delisted journals)، دەشڵێت: "ڕێژەی خاوێنی و دەستپاکی لە توێژینەوە بریتییە لە ژمارەیەک لە نێوان 0 تا 1 کە لەسەر چوار ئاست دابەش دەبێت سەوز، زەرد، پرتەقاڵی و سوور بەگوێرەی ژمارەکان، ڕەنگی سوور واتە تێوەگڵان لە کێشەی خاوێنی لە توێژینەوە."
ئەو مامۆستایە زانكۆ، باسی لەوەش كرد، كە بۆ ساڵی 2024 لەنێوە زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی 8 زانکۆی عێراق لە لیستی سووردا هەن، کە بریتین لە زانکۆکانی بەغدا، بەسرە، بابیلۆن، مووسڵ، کوفە، موستەقبەل و موستەنسڕیە، "بەپێی هەواڵێکیش وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لیژنەی لەسەر پێک هێناون، لەنێو وڵاتانی تریش میسر، سعوودیە، هیند و پاکستان هەن کە ڕێژەیەکی زۆر زانکۆیان تێوەگلاون لەو کێشەیە."
مامۆستا یاسین، جەختی لەوەش كردەوە، كە "خۆشبەختانە هیچ زانکۆیەکی کوردستانی لەم لیستەدا نییە، هەرچەندە چەند دکتۆرێک و توێژەرێکی تێدایە توێژینەوەکانیان لادراوە و ڕاكێشراوە کراوە، گرنگە زانکۆکانی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگیی زیاتر بەم بابەتە بدات بۆ ئەوەی تێوە نەگلێن لەو کێشەیە."

وەڵام بدەوه