هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی مووچە و نەوت لە گفتوگۆ بەردەوامن و هەرچەندە لە یەک نزیکن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی. سبەی سێشەممەش گفتوگۆکان بەردەوام دەبن و کۆبوونەوەی دیکە دەکرێن. سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، هەردوو شاند لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە کۆبوونەوە بەردەوام دەبن و سبەی سێشەممە پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی دیکە دەکەن. سبەی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی دەکات. بەگشتی کۆبوونەوەکە دوانیوەڕۆیان کاتژمێر 01:00 بۆ 04:00ی ئێوارە دەکرێت. ئاڤا کارنامەی کۆبوونەوەکەی سبەی دەستکەوتووە و 41 بڕگە لەخۆدەگرێت، هەمووی پەیوەستە بە ناوخۆی عێراقەوە و تا ئەم ساتە باسی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستانی تێدا نییە. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هیچ کات باسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ناکرێت و پێشتریش نەکراوە، ئەگەر هەولێر و بەغدا تاوەکو سبەی نیوەڕۆ بگەنە ڕێککەوتن و پێویست بێت باس بکرێت و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت، بە دوو ڕێگا دەکرێت:
یەکەم: بە بڕگەیەک وەک پاشکۆ لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا زیاد دەکرێت.
دووەم: سوودانی خۆی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە بباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرچاوەکەی ئاڤا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی: هەندێکجار سوودانی ئەگەر بیەوێت بڕگەیەک زیاد بکات یان باسی بابەتێکی تر بکات بەدەر لە کارنامەکە، خۆی بە فایلێکی جیاواز لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ کۆبوونەوە.
وەڵام بدەوه