ئەحمەد ئەلشەریفی، شارەزای ستراتیژیی عێراقی: هۆشداری دەدەمە حکوومەتی عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر تێك نەدا
"لە فیدراڵیدا مەركەزییەت نیە، بەردەوامیی ئەم فشارانە ئەمریكا تووڕە دەكات"
ئەحمەد ئەلشەریفی، ئەكادیمی و شارەزای ستراتیجیی عێراق، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (یوو تی ڤی) مەترسییەكانی فشاری حكوومەتی فیدراڵی بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە پرسی مووچە ڕادەگەیەنێت و هۆشداریی توندیش بە حکوومەتی عێراق دەنێرێ.
ئەلشەریفی دەڵێ: "حكوومەتی فیدراڵی لە جۆرێك لە شەرمەزاری و دەستەوەستاندایە، بەتایبەت بەرانبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی، چونكە ئەمریكا تاكوو ئێستا بە ڕژدی داوای چاككردنی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر دەكات و تاكوو ئێستاش چارەسەر نەبووە. لە سیستەمی فیدراڵیدا شتێك نیە بە ناوی ناوەندییەتی (مەركەزییەت)، بەڵكوو حكوومەتی فیدراڵی واتا بوونی هەرێمەكان كە گوزارشتە لە تایبەتمەندیی ئیدارەی سەربەخۆ و سەربەخۆیی وەبەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەكان."
ئەو ئەکادیمیستە عێراقیە هەروەها دەڵێ: "ئەو پەیوەندییانەی هەرێمی كوردستان لەو دواییانەدا لەگەڵ ئەمریكا لەڕووی وەبەرهێنانەوە گرێی داون، بەپێی یاسا كراون، چونكە ڕێسایەك لە سیستەمی سیاسیدا هەیە، دەڵێ: سیستەمی فیدراڵی هیچ ناوەندییەتێكی ئیداری و سەرچاوە سروشتییەكانی تێدا نیە. بۆیە حكوومەتی هەرێمەكان بەرەو گرێبەست و وەبەرهێنانی سەربەخۆ دەچن و ئەوەش یاساییە، ئەو هاوكێشەیە لە هەموو سیستەمێكی فیدراڵیی جیهانیدا هەیە، نەك تەنیا لە عێراقدا
هەروەها گوتی: "هەرێمی كوردستان ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆیانەی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان بەستووە، ئەو دەوڵەتە بەشێوەیەكی دەستووری هاوبەشی ستراتیجیی عێراقە، بۆیە بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان، بەئامانجگرتنی ڕۆڵ و پێگەی سیاسیی هەرێمی كوردستانە، نەك هۆكارێكی دیكە.
ئەو چاودێرە لە كۆتایی قسەكانی دەشڵێ: هەرێمی كوردستان تاكوو ئێستا باسی لە ناسنامەی مەزهەبیی نەكردووە، بەڵكوو سیاسەتكارانی، گوتارێكی نیشتمانی و مەدەنییان بۆ گەشەپێدان هەیە، بۆیە دەوڵەتدارییش نابێ گرنگی بە ناسنامەی لاوەكی بدات و لەسەر ئاستی عێراق دەبێ ئەو ڕێڕەوە مەزهەبییە ڕاست بكرێتەوە. "
دەشڵێ: هۆشداری بە سوودانی دەدەم، بە هیچ شێوەیەك درز نەخاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم، چونكە زیان لە پرۆژەی فیدراڵیی عێراق دەدات كە ئەمریكا دایڕشتووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاری بۆ دەكات. پرسی فیدراڵی هەستیارە و گەر واز لەم فشارە نەهێنن، دەبێتە هۆی قەیرانی زیاتر."
گوتەكانی ئەم ئەكادیمییە عێراقییە لە كاتێكدایە كە دوو مانگ زیاترە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی نەداوە و بەڕای چاودێران پرسەكە گوشاری سیاسییە نەك هۆكاری ئیداری و تەكنیكی.
وەڵام بدەوه