ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەی لیژنەی وزاری بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری كورد (بەنگین رێكانی و خالید شوانی) لەسەر چەند تەوەرێک بەڕێوە چوو.
هەواڵەكەی وەزارەتی ئاماژەی بەوەش داوە، گفتوگۆکان لەبارەی دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی نەوت بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتی، بووە، هەروەها مووچەی فەرمانبەران و تەوتینکردنی بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ”لیژنەکە جەختی لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان کردووەتەوە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرکردنی خێرای ئەو بابەتانە، بە شێوەیەک کە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر ببێت و وەك هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق، مووچەی خۆیان وەربگرن.“
لێژنەکە بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان و بە ئەندامیەتیی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری داد و وەزیری پیشەسازییە و لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە فشاری وەزیرە کوردەکان دروست کراوە.
وەڵام بدەوه