دووشەممەی داهاتوو دادگای فیدراڵی لەبارەی دەركردنی ئەمری وەلائیی تایبەت بە مووچە كۆ دەبێتەوە
بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، دادگای فیدراڵیی عێراق، لەبارەی دەركردنی فەرمانی سالاری تایبەت بە راگرتنی بڕیاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان كۆ ببێتەوە.
بە گوێرەی ئەو خشتەیەی كە دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ كۆبوونەوەكانی دایناوە، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥، دادگاكە لەبارەی چەند سكاڵایەكی پەیوەندیدار بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.
لە سكاڵای یەكەمدا كە چەند فەرمانبەرێك لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق تۆماریان كردووە، داوا كراوە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ململانێ سیاسییەكان و بابەتی خەرجیی فیعلی دوور بخرێتەوە.
هەروەها لە سكاڵای دووەمدا كە بە هەمان شێوە چەند فەرمانبەرێك لە دژی وەزیری دارایی عێراق تۆماریان كردووە، داوای دوو خاڵ دەكەن:
١- وەزارەتی دارایی لە خەرجكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان بە شێوەی مانگانە و لە كاتی خۆیدا بەردەوام بێت، بەبێ رەچاوكردنی ناكۆكییەكان لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێی كوردستان بەهۆی تەفسیكردنی یاسای بودجەی گشتی یان هەر هۆكارێكی تر.
٢- دەركردنی فەرمانی سالاری بە پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دەستبەجێ و لەم مانگەوە تا داواكە یەكلا دەكرێتەوە.
جێی باسە ئەم سكاڵایانە پێش جەژنی قوربان تۆمار كراون و مووچەخۆران چاوەڕێیان دەكرد ئەوكات بڕیاری لێ بدرێت، بەڵام بە پاساوی جۆراوجۆرەوە دواخراوە بۆ دانیشتنی رۆژی دووشەممە ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥ی دادگای فیدراڵی، هەرچەندە نازاندرێت ئاخۆ ئەو رۆژەش بە پاساوی پشووی فەرمی دانیشتنەكە دەكرێت یان نا؟
وەڵام بدەوه