چاودێرانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن لە شەپۆلێکی گەرمای زۆر بەهێز کە ڕوو لە عێراق و ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە دەکات و ئاماژە بەوە دەکەن کە پلەکانی گەرمای سەر زەوی "نەک تەنیا گەرمای هەوا" دەگاتە ئاستێکی بێوێنە و لەوانەیە لە ژمارەیەک ناوچەی ناوەڕاست و باشوور 65 پلەی سەتی تێبپەڕێنێت.
شارەزای کەشناسی مستەفا کەریم، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ڕای گەیاندووە، نەخشە کەشناسییەکان دەری دەخەن کە گەرمای سەر زەوی – کە خاک و قیڕ و هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ بەر خۆر دەکەون – لە شارەکانی وەک نەجەف، دیوانییە، واست و بەسرە دەگاتە لوتکە و ڕەنگە 65 پلە تێبپەڕێنێت. ئەمەش بەسە بۆ هەڵمکردنی ئاو لە زەوییەوە و زیانی ڕاستەوخۆ بە مرۆڤ و ئاژەڵ و تەنانەت ژێرخانیش دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەویەش کرد، "=شەپۆلە گەرماکە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە درێژ دەبێتەوە بۆ کەنداوی عەرەبی، ئێران و باکووری ئەفریقا، هۆکارەکەشی هاتنی بایەکی زۆر گەرمە لە قووڵایی بیابانەوە.
ڕوونی کردەوە، ئەم جۆرە گەرمایە ئاسایی نییە و باری گەرما لە شارەکاندا زیاد دەکات، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی فشارێکی مەترسیدار لەسەر ئامێرە کارەباییەکان، تێکچوونی تایەی ئۆتۆمبێل، هەروەها مەترسییەکە بۆ منداڵان و بەساڵاچووان دوو هێندە دەکات، بەتایبەتی لە کاتەکانی گەرمای زۆردا لە نیوەڕوان.
لە کۆتاییدا داوای کرد، هاووڵاتییان ئاگاداری بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بن لەگەڵ خاک و قیردا و خۆیان لە هاتنە دەرەوە لەنێوان سەعات 12ی نیوەڕۆ وچواری ئێوارە بەدوور بگرن، هاوکات هۆشداریی تایبەتیشی دا بە دانیشتووانی ناوچە کراوە و کشتوکاڵییەکان.
وەڵام بدەوه