ڕوانگەی "ئیكۆ عێراق" كە تایبەتە بە كاروباری ئابووری ئاشكرای كرد، دانوستانی سەرەتایی لە نێوان عێراق و توركیا لەبارەی ڕێككەوتنێكی نوێ بۆ هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەڕێوە دەچێت.
عەلی ناجی ئەندامی ڕوانگە ڕای گەیاند، عێراق ڕۆژانە نزیكەی 500 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرد، ئەو بڕە لە نێوان كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووك دابەش دەكرا.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئۆپراسیۆنەكانی هەناردەكردن وەستان، دوای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2023دا لە داوای یاسایی دژی توركیا سەركەوتنی بەدەست هێنا، بەهۆی پێشێلكردنی ڕێككەوتننامەی ساڵی 1973 ـی نێوان هەردوو وڵات.
دەشڵێت، ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەست ڕوانگەی كەوتوون، ئاماژە بەوە دەكەن كە توركیا ئێستە داوای زیادكردنی نرخی ترانزێت دەكات بۆ هەر بەرمیلێك بۆ 2.5 دۆلار، بەڵام گفتوگۆكان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان و هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی دانوستانی فەرمی یان داڕشتنی ڕێككەوتنێكی نوێ.
ناجی ئاماژەی بەوەش كرد، بۆری كەركووك-جەیهان زۆرترین توانای هەناردەكردنی تا یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا هەیە، ئەگەر بەتەواوی كار بكات.
هێڵی بۆڕیی كەركووك-جەیهان یەكێكە لە كۆنترین ڕێگەكانی هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەكان. لە ماوەی دەیەكانی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك تێكشان و تەقاندنەوە و كێشەی تەكنیكی بووەتەوە، دیارترینیان هێرشی دووبارەبووەوە لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2015 كە بووە هۆی زیانێكی زۆر و پەككەوتنی دووبارەی هەناردەكردن.
ڕۆژی 21ی تەمووز، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، دوای 52 ساڵ كارابوونی، بڕیارێكی واژوو كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنێكی مێژوویی نەوتی نێوان توركیا و عێراق.
بەپێی بڕیارێك كە لە ژمارە 10113ی ڕۆژنامەی فەرمیی ڕۆژنامەوانیدا دەرچووە، ئەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا ئەنجام دراوە، لە 27ی تەمووزی 2026 بە فەرمی هەڵوەشاوەتەوە. هەروەها ئەم بڕیارە تەواوی پرۆتۆكۆل و بەڵگەنامە زیادەكانی پێوەست بەم ڕێككەوتنە مێژووییە بەسەر دەچێت.
سەرچاوەی ئەم ڕێككەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 كە یەكەمجار لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو كرا، بۆ دەستەبەری هەناردەكردنی نەوتی خاو لە عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندان جار ڕێككەوتنەكە هەموار كراوەتەوە، دواینیان لە ساڵی 2010، كاتێك بۆ ماوەی 15 ساڵی تر درێژ كرایەوە، ئەو ماوەیەش لە ساڵی داهاتوودا كۆتایی دێت.
هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێككەوتنە، گۆڕانكارییەكی ستراتیجییە لە پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان توركیا و عێراق، ڕەنگە دەرگای دانوستانی نوێ لەبارەی داهاتووی هەناردەكردنی نەوت و ژێرخانی وزە لە نێوان هەردوولادا بكاتەوە.
وەڵام بدەوه