وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرگای پێشکێشکردنی بۆ پەیمانگەی باڵای گەشەپێدانی ئەمنی و کارگێڕی کردەوە، کە هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەتوانن داواکاریی پێشکەش بکەن. بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، لەو خولەدا زیاتر لە هەزار کەس وەردەگیرێن و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن.
داواکاریی بۆ بەشداریکردن لە خولی 3ی ئەو پەیمانگەیە، لە ئەمڕۆ هەینی، یەکی ئاب دەستپێدەکات و تاوەکو 10ی ئاب بەردەوام دەبێت.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، "ئەم خولە زیاتر لە هەزار کەس وەردەگرێت و دواتر لە فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دادەمەزرێنرێن."
پێشکێشکردنی داواکاری بۆ وەرگیران لەو پەیمانگەیە بۆ خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنی (2023-2024) و (2024-2025)، و داواکارییەکان لە رێگەی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنییەوە پێشکێش دەکرێن.
سەگڤان سندی ئاماژەی بەوە دا کە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاریی وەرگرتن لەو پەیمانگەیە پێشکێش بکەن، بەڵام شوێنی کارکردنیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دەبێت و بەگوێرەی پێویستی دابەش دەکرێن.
پەیمانگەکە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ وەردەگرێت، بەڵام بە چەند مەرجێک لەوانە، داواکار 19 ساڵی تەواو کردبێت و لە 25 ساڵیش گەورەتر نەبێت.
ئەگەر داواکار لە رەگەزى نێر بوو دەبێت باڵای لە 168 سانتیمەتر و پانی سنگی لە 80 سانتیمەتر کەمتر نەبێت، ئەگەر پێشکێشکارەکە لە رەگەزی مێ بوو، نابێت بەرزیی باڵای لە 155 سانتیمەتر کەمتر بێت.
وەڵام بدەوه