وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر یاسای حەشدی شەعبی هۆشداریی توندی داوەتە حكوومەتی عێراق
”سزا بەسەر هەناردەكردنی نەوت و سیاسییەكاندا دەسەپێنین“
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی هۆشداری ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی و تیایدا، واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە پەسەندکردنی ئەم یاسایە بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دادەنرێت و دەکرێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزای ئابووریی گشتگیر بەسەر عێراقدا.
بەپێی زانیارییەكانی (وان نیوز)، ئەمریکا هەڕەشەی لێکۆڵینەوەی لە پێشینەی ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییانە كردووە کە پشتگیریی پڕۆژەیاساکەیان کردووە و ئاماژە بە ڕاگرتنی پشتگیری و وەبەرهێنانی بیانی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات.
لەگەڵ ئەمەشدا، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا کراوە، کە دەکرێت کاریگەریی قووڵی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە هەبێت.
وەزارەتەکە هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر یاساکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوا عێراق ڕووبەڕووی سزای توندی ئابووری دەبێتەوە. هەروەها، پشتگیریی تەواوی وەبەرهێنانە بیانییەکان لە عێراق ڕادەگرن و سزای توندیش بۆ سەر هەناردەکردنی نەوت دەسەپێنن.
هەر دوێنێ بەهۆی ترس لە زۆرینەی عەرەبە شیعەکان لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسا نوێی حەشدی شەعبی، زۆربەی پەرلەمانتارانی کورد و سوننە و بەشێک لە شیعەکان بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەبوون و بەوهۆیەوە نەتوانرا نیسابی یاسایی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە كۆ بكرێتەوە.
وابڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی ئابی 2025، پەرلەمانتاران بۆ هەمان مەبەست لە پەرلەمانی عێراق كۆ ببنەوە، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی داوە لەوەی كە ئەگەر پەرلەمانتاران ئامادە نەبن سزای دارایی دەدرێن.
لای خۆشیانەوە عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، سەبارەت بە تەواوکردنی هەموارەکانی یاسای پێکهاتەی حەشدی شەعبی ڕاگەیاندووە، لیژنەکە داواکارییەکی فەرمیی پێشکەش کردووە بۆ خستنە نێو کارنامەی دانیشتنەکەوە، بەڵام ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە دانیشتنەکە بەهۆی ئامادەنەبوونی 164 پەرلەمانتارەوە ئەنجام نەدرا.
ساعدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە باڵەخانەی پەرلەمان بە بەشداریی ژمارەیەک پەرلەمانتار ئەنجامی دا، گوتی: “سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیارێتیی پەکخستنی ئەنجومەنەکە لەئەستۆ دەگرێت،”
پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی لەم خولەی پەرلەماندا بە دوور زانی و هۆکارەکەیشی گەڕاندەوە بۆ بوونی ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لەسەر یاساکە.
حسێن مالیکی، ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە، ئەوکات بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندبوو: “یاسای حەشدی شەعبی لە خولی ئێستای پەرلەماندا تێناپەڕێندرێت و بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دوادەخرێت، ئەمە بەپێی ویستێکی سیاسیی ناوخۆیی و هەروەها ویستێکی نێودەوڵەتیی دەرەکییە، چونکە ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و ویستێکی دەرەکی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی.”
پێشتریش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژایەتیی توندی خۆی بۆ هەر پڕۆژەیاسایەک ڕاگەیاندبوو کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوبەشیی ئەمنیی دوولایەنە لەگەڵ عێراق نەگونجێت و دژی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان و سەروەریی عێراق بێت.
وەڵام بدەوه