تەواوی هێزە سیاسییەكانی عێراق خەریكی ململانێی هەڵبژاردنن، كە ئەوەش تا ئاستێك ئاساییە و هەریەكەیان دەتوانێت بەرنامەی كاری خۆی بۆ خەڵك روون بكاتەوە و بەڵێنەكانی ئاشكرا بكات لە كاتی بردنەوەی، بەڵام سوودبینین لە دەسەڵات و بەدەستهێنانی دەنگ بە زەبری هێز و پارەی سیاسی و پۆست ئاسایی نییە، پەرلەمانتارێكی عێراق كڕین و دابەشكردنی زەوی لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەر ئەندامانی نووسینگەكەی و راوێژكارانی ئاشكرا دەكات.
یاسر هاشم حوسێنی پەرلەمانتاری عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە بری توێژە قوربانیدەرەكان و خانەنشین و فەرمانبەرانی دەوڵەت، وەك دەزگەی شەهیدان و زیندانیان و حەشدی شەعبی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و پیشەسازی و بازرگانی و تەندروستی و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و كارەبا و بەرگری و ناوخۆ و گواستنەوە و هیتریش، پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ راوێژكارانی سەرۆك وەزیرانی دیاری دەكرێت، ئاخۆ ئەو توێژانەی سەرەوە بە بەراورد بە راوێژكارەكانی هیچیان پێشكەشی وڵات نەكردووە.
لە بەرانبەر ئەو هەواڵە، كە بە نووسراوێكی فادی شمەری راوێژكاری سیاسیی ئەنجوومەنی وەزیران پاڵپشتی كراوە و سوودانی رەزامەندی لەسەر داوە، نووسراوەكە ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە بۆ رەزامەندیدان لەسەر كڕینی زەوی نیشتەجێبوون بۆ راوێژكاران بە گشتی بە هاوشێوەی فەرمانبەرانی نووسینگەی سەرۆك وەزیران
لەبەرانبەر ئەو نووسراوە فەرمییە كە لە 17ی ئایاری رابردوو بەرز كراوەتەوە و سوودانیش لە 5ی حوزەیران رەزامەندی لەسەر داوە، ئەوانەی كۆمێنتیان بۆ پۆستەكەی ئەو پەرلەمانتارە نووسیوە دەڵێن، زۆرینەی فەرمانبەرانی دەوڵەت خانەنشین كران و بستێك زەویان پێ نەدرا، دوای ماوەیەكی زۆری كاركردن لە وەزارەتەكانیان و هەوڵ و دڵسۆزییەكی زۆر، كەچی ئێستە كەسێكی ناپاك و گەندەڵ و بەرتیلخۆر دێت و لە ماوەی دوو ساڵ دەبێتە خاوەنی پارچەیەك زەوی و بێگومان لە باشترین شوێنەكانی بەغدا، بێ هیچ ماف و شایستەییەك، خوا تۆڵە لە حكوومەت حزب و قەوارەكانی پاڵپشتی دەكەن بكاتەوە.
كەسێكی تر نووسیویەتی، سوودانی دەست بەسەر سامانی گەل دەگرێت، رێنوێنییەكی دەركردووە بە كڕینی پارچە زەوی بە پارەی گەنجینەی دەوڵەت و دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەرانی نووسینگەكەی و راوێژكارانی لەگەڵیدا كار دەكەن، ئەوە تاڵانییەكی رێكخراو و ئاشكرایە بۆ داهاتی وڵات، لەوكاتەی ملیۆنان عێراقی بێ ماڵ و خزمەتگوزارین، ئا بەمشێوە پاداشتی چینی مشەخۆر لە دەوڵەتی دزەكان دەدرێتەوە.
وەڵام بدەوه