دواى ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى له به‌رانبه‌ر رێككه‌وتنى نێوان ئێران و عێراق له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكاوه، باڵوێزخانه‌ى عێراق له واشنتن وه‌ڵامى ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ، "عێراق پاشكۆى سیاسه‌تى هیچ ده‌وڵه‌تێك نییه و به‌گوێره‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى مافى ئه‌نجامدانى رێككه‌وتنى هه‌یه".
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 13ى ئاب، باڵوێزخانه‌ى عێراق له واشنتن، وه‌ڵامى لێدوانه‌كانى تامى برووس گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه كه گوتبووى، ئێمه دژى هه‌ر یاسایه‌كین له‌گه‌ڵ هاوكاریى ته‌ناهییه‌كانى ئێمه یه‌ك نه‌گرێته‌وه. لێدوانه‌كانى برووس له دژى ئه‌و رێككه‌وتنه بوو كه ئێران و عێراق ئه‌نجامیان داوه.
باڵوێزخانه‌ى عێراق له ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، "سه‌رنجێك له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا هاتووه، عێراق ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سه‌روه‌ریى ته‌واوه و مافى رێككه‌وتن و یاداشتنى لێكتێگه‌یشتنى هه‌یه به‌گوێره‌ى ده‌ستوور و یاسایه نیشتمانییه‌كان، به‌گوێره‌ى گونجانى له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانى".
هه‌روه‌ها باڵوێزخانه‌ى عێراق له ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، "عێراق دۆستایه‌تى و هاوكارى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى زۆر له وڵاتانى دنیا هه‌یه، له‌وانه وڵاتانى دراوسێى جیۆگرافى و ئه‌مه‌ریكا، مكوڕه له‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كانى له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش بێت".
باڵێوزى عێراق له ئه‌مه‌ریكا له به‌شێكى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "عێراق سه‌ربه سیاسه‌تى هیچ وڵاتێك نییه و بڕیاره‌كانى له ویستى نیشتمانى سه‌ربه‌خۆ ده‌درێن".
دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر عه‌لى لاریجانى ئه‌میندارى گشتیى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران به ئاماده‌بوونى محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، له به‌غدا یاداشتێكى ته‌ناهیى له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى نه‌ته‌وه‌یى عێراق واژوو كرد. ئه‌وه‌ى جێگه‌ى ناڕه‌زایى بێت ئه‌وه‌یه ناوه‌ڕۆكى یاداشته‌كه نهێنییه.
شه‌وى رابردوو تامى برووس گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا گوتى، "ئێمه پشتیوانیى سه‌روه‌ریى راسته‌قینه‌ى عێراق ده‌كه‌ین و نابێت هیچ یاسایه‌ك، عێراق بكاته ده‌وڵه‌تێكى پاشكۆى ئێران".
وەڵام بدەوه