Kurdistan Press - ئەمریکا هۆشداری بە عێراق دەدات ئەمریکا هۆشداری بە عێراق دەدات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەمریکا هۆشداری بە عێراق دەدات

ئەمریکا هۆشداری بە عێراق دەدات، ئێران لە جیاتی عێراق هاتە دەنگ. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاردانەوەی وڵاتەكەی هەمبەر بە ڕێککەوتنی ئەمنیی (تاران - بەغدا) هۆشداریی دا لەوەی عێراق ببێتە "دەوڵەتێکی ملکەچی ئێران". لە بەرامبەردا باڵوێزخانەی ئێران لە بەغدا ”دەستوەردانی ئەمریکا لە كاروباری عێراق“ سەركۆنە دەكات.

ڕۆژی چوارشەممە 12ی ئاب، تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە "نیگەرانیەکانی" واشنتۆن بە ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ڕۆژی 10ی ئاب لەمیانی سەردانێکی (عەلی لاریجانی) سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بۆ بەغدا واژۆ کرا.

بروس ڕایگەیاند: "وەک پێشتر گوتمان، ئێمە دژی هەر یاسایەک دەوەستینەوە کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دووقۆڵیمان ناگونجێت و دژ بە بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق کار بکات."

بروس ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمریکا پشتگیری لە (سەروەریی ڕاستەقینەی عێراق) دەکات، نەک یاسایەک کە بیکاتە دەوڵەتێکی دەستکردی وابەستە بە ئێران."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها جەختی کردەوە: "ئایندەی وڵاتان دەبێ لە دەستی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا بێت."

جێی باسە، لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا باڵوێزخانەی عێراق لە واشنتۆن بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و جەختی لەوە کردەوە: کە ”عێراق تەواو سەربەخۆیە لە بڕیاردان."

باڵوێزخانەکە ڕێککەوتنی ئەمنیی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی هاوکاریی دووقۆڵی بۆ پاراستنی ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان ناو دەبات.

لەلایەکی دیکەوە، باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هەڵوێستی دەستێوەردانی ئەمریکا لە پێوەندیی دووقۆڵیی ئێران و عێراق سەركۆنە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە: ”لێدوانەکانی بروس نیشانەی هەوڵە بەردەوامەکانی داڕێژەرانی سیاسەتی ئەو وڵاتەیە بۆ درووستکردنی دووبەرەکی لە نێوان گەلانی دراوسێ و موسڵمان.“

بە گوتەی تاران ئەم کاردانەوەیە "بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ڕێبازی ناسەقامگیرکەری ئەمریکا" بەرامبەر بە وڵاتانی ناوچەکە و پێشێلکردنی بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە لەسەر بنەمای هاوکاریی دەوڵەتان دامەزراوە.

ئەگەری سزای هەمەلایەنەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق

بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیا عەرەبییەکان، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق نەتوانن پێشکەوتن لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان بەتایبەت هێزەکانی حەشدی شەعبی بەدەست بهێنن، ئەوا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەدواداچوون بۆ سەپاندنی سزای هەمەلایەنە دەکات بۆ سەر بەغدا.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، بەردەوامیی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانیان.

هەروەها دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پلانی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانیان لە عێراق پێشکەش کردووە. ئەم بەرپرسانە بە ئاماژەدان بە سەفەری لاریجانی بۆ بەغدا و بەیرووت، ڕایانگەیاندووە: "لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، هەر چەشنە بەهێزبوونێکی گرووپە چەکدارەکان، پشتڕاستکردنەوەی هەژموونی کۆماری ئیسلامییە لە ناوخۆی عێراقدا."

بە گوتەی ئەوان، هاوبەشیی داهاتوو لەگەڵ بەغدا تەنیا لە ڕێگەی کۆتاییهێنان بە چالاکییە چەکدارییەکان لە دەرەوەی ئیرادەی حکوومەت مومکین دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە: "قەیرانی ئێستا دەتوانێت شێوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بۆ دەیان ساڵ بگۆڕێت و کلیلی چارەسەرکردنیش ڕێککەوتن دەبێت لەسەر چارەنووسی ئەو چەکانەی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی بەغدان."

هەروەها بەپێی ئاژانسی هەواڵی (ئێران ئینتەرناشناڵ) سەرچاوە ئاگادارەکان لە عێراق باسیان لەوە کردووە کە سەفەرەکەی لاریجانی پەیوەندیی بە نیگەرانییەکانی تارانەوە هەیە سەبارەت بە تەسلیمبوونی بەغدا بۆ فشارەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هێزەکانی حەشدی شەعبی.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پرسی چەکداماڵینی گرووپە بریكارەكانی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی نەک تەنیا لە لوبنان، بەڵکوو لە ناوچەکەش بە عێراقیشەو لێ کەوتەوە.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 9ی ئابدا ڕایگەیاند: "هیچ هۆکارێک" نییە بۆ ئەوەی چەکەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی دامودەزگاکانی حکوومەت لەو وڵاتەدا بمێننەوە.

جێی باسە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی گەشتەکەی لاریجانی بۆ بەغدا، هاندانی بزووتنەوە شیعەکانی عێراق بووە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا تێپەڕێنن.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه