وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشکەوتنی گرنگ لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بەدەست هاتووە و دەشڵێت، هەموو مەرجەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە تەواو کراون
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، بە سەرپەرشتیی د. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشکەوتنەکان لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولادا کراوە، کە بریتی بوون لە "دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان، لەگەڵ دۆسیەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی".
ڕاگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "پێشکەوتنێکی گرنگ بەدەستهاتووە، بەتایبەتی لە دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، کە تێیدا هەموو داواکاری و مەرجە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانیی عێراق "سۆمۆ"ـەوە تەواو کراون".
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە کە گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ تەواوکردنی داواکارییەکانی دیکەی تایبەت بە دۆسیەکانی دیکە.
کەمێک بەر لە ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەست پێ کرد و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی کۆبوونەوەکە بڕگەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان باسی لێوە بکرێت.
پێشتر، شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی ڕاگەیاندبوو: "هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی مووچە نییە و ئومێدێکی گەورە هەیە کە بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت".
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو لە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و دارایی.
لەلایەنی حکوومەتی فیدراڵییەوە، وەزیرانی نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا، تەندروستی و داد، لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوت و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
وەڵام بدەوه