موجتەبا حوسێنی، كەسایەتیی ئایینیی شیعە و نوێنەری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، لە لێدوانێكیدا دەڵێ: هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان ئاوێزانكردنی لەگەڵ سوپادا خەونە.
حوسێنی بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس قسەی كردووە و دەڵێ: لە شەڕی 12 ڕۆژەدا "عێراقییەكان" پێیان وا نەبوو ئەو هێرشانە تەنیا بۆ سەر ئێرانن، بەڵكوو بە هێرش بۆ سەر عێراقیشیان زانی.
دەشڵێ: هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ چەكداماڵینی حەشدی شەعبی، نایەتە دی، گەلی عێراق بەوە ڕازی نییە، چونكە ئەمریكا ئەم سیناریۆیە دژی عێراق بەكار دێنێ.
دەشڵێ: حەشدی شەعبی چەكداری ڕاهێنراو و شەڕكەری هەیە و لە بەرەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و "بەرەی بەرگری"ن، بۆیە هەڵوەشاندنەوەیان قبووڵنەكراوە و خەونە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا فشارەكانی بۆ سەر عێراق چڕ كردووەتەوە، كە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان تێنەپەڕێنرێ و ئەو هێزە چەك دابنێ و چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێ.
هەر ئەمڕۆ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ڕەشنووسی كۆتایی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی و بەرزكردنەوەی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەن كۆتایی هاتووە.
وەڵام بدەوه