سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 27ى 8ى 2025، شهڕ و پێکدادانی چەکداری لە نێوان خاوەن عەرەبانەكان و هێزە ئەمنییەکان لە بازاڕی مرێدی لە ناوچهى سەدر، كه دهكهوێته ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەختی غێراقهوه، ڕووی دا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "پێکدادانەکان بەهۆی ئەو هەڵمەتەوە دروست بوو کە هێزە ئەمنییەکان بۆ لابردنی كاسبكاران لە بازاڕەکەدا ئەنجامیان دا، ئهوهش دوای بڕیاری ئهمیندارێتیى بەغدا بۆ لابردنی عەرەبانەکان و ڕێكخستنهوهى بازاڕهكه".
سەرچاوەکە ڕایگەیاند، "پێکدادان و تەقەیەکی زۆر لەناو بازاڕی مرێدی ڕووی دا، بهڵام تائێستا نازانرێت كه ئایا بریندار و كوژراو ههیه.
بازاڕی مرێدی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دامەزراوە و بە ناوی "حاجی مرێدی لامی" ناونراوە، کە یەکەم دوکانی لەو ناوچەیەدا هەبووە.
بە درێژایی دەیان ساڵ، ئەم بازاڕە بووەتە یەکێک لە بەناوبانگترین بازاڕە میللییەکان لە بەغدادی پایتەختی عێراق، کە دانیشتوانەکەی کۆمەڵێک کاڵای جیاوازدەفرۆشن، لەوانە جل و بەرگ، ئامێری ناوماڵ، کەرەستەی خۆراک و چەندین شتی تر، بە نرخێکی گونجاو.
ژمارەیەک لە هاوڵاتیان پشت بەم بازاڕە دەبەستن بۆ دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیان، ئەمەش وا دەکات کە پرۆسەی لابردن و گواستنەوەی پێویستی بە لەبەرچاوگرتنی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان و دابینکردنی بژاردەی جێگرەوە بۆ ئەو چین و توێژانە هەبێت کە کاریگەرییان لەسەر دەبێت
وەڵام بدەوه