سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق راگەیاند: بۆچوونی شاندەکەی عێراق لەبارەی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی کوردستان ئەرێنی بووە و پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کوردستان لەسەر حەقە بەپێی دەستوور و یاسای بودجە. هەرچەندە ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز هەبووە، بەڵام هەردوو ڕاپۆرتەکە یەکیان گرتووە و کۆنووسێکی هاوبەشیان نووسیوە، کە بڕیارە بدرێتە محەممەد شیاع سوودانی بۆ یەکلاییکردنەوە.
سبەی یەکشەممە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە بەغدا ئەنجام دەدرێت. شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لەگەڵ سوودانی کۆدەبنەوە و کۆنووسەکە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی کوردستان بە وردی دەخەنەڕوو. بەپێی سەرچاوەکەی ئاڤا، شاندەکەی عێراق تێگەیشتنی باشیان سەبارەت بە بۆچوونەکانی شاندی هەرێمی کوردستان هەیە لەبارەی داهاتی نانەوتی.
ئەگەر سوودانی سبەی بە ڕاپۆرتە هاوبەشەکە ڕازی بێت، ئەوا کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەر دەبێت و ڕاپۆرتەکە دەباتە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی، بەڵام ئەگەر سوودانی تێبینی لەسەر خاڵێک یان دوو خاڵ هەبوو، ئەوا داوا لە شاندی دانوستانکاری هەردوولا دەکرێت دووبارە کۆببنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
لەیەک نزیکبوونەوەی باش هەیە و زەحمەتە پرسی داهاتی نانەوتی ببرێتە دادگای فیدراڵی یان ئەنجوومەنی دەوڵەت.
وەڵام بدەوه