تیمێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون و لیستی مووچەی مانگی هەشتیان لەگەڵ خۆیان بردووە. بڕیارە سبەی سێشەممە لیستەکە بدەنە وەزارەتی دارایی عێراق. هاوکات هەر سبەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت، بەڵام پرسی مووچە و ئەنجامی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بەشێک نین لە ئەجێندای کۆبوونەوەکە.
ئەمڕۆ لە وەزارەتی دارایی هەرێم کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر پرسی مووچە بەڕێوەچوو، تێیدا شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە خاوەن داهاتەکان و بەڕێوەبەرە گشتی و ژمێریارەکانیان کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا ڕاپۆرتێکی نوێ لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ بەغدا ئامادەکرا. تیمە تەکنیکییەکەی هەرێم کە ئەمشەو دەگەنە بەغدا، بڕیارە سبەی پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەگەڵ هاوتاکانیان کۆببنەوە و ڕاپۆرتی داهاتی نانەوتییان پێشکەش بکەن.
سبەی سێشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت، لەکاتێکدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئێستا لە برۆکسلە، بۆ کۆبوونەوەکە دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پرسی مووچە و ئەنجامی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بەشێک نین لە ئەجێندای کۆبوونەوەکە. بەڵام، ئەگەر سوودانی خوێندنەوەی بۆ کۆنووسی هاوبەشی هەردوو شاندی دانوستانکار تەواو کردبێت و بەدڵی بووبێت، ئەوا سبەی کۆنووسەکە دەباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گفتوگۆ و دەنگدان لەسەری.
ئەگەر سوودانی خوێندنەوەی کۆنووسەکەی تەواو نەکردبێت یان تێبینی زەقی لەسەر هەبێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا وەڵامی هەولێر دەداتەوە و داوا لە هەردوو شاند دەکات گفتوگۆی زیاتر بکەن بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆنووسی ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاندووە: "داهاتی ناوخۆ و ڕسوماتی ئەو داهاتانەی بە یاسا هی هەرێمی کوردستانن، هەر بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەوەی بە داهاتی فیدراڵیش هەژمار دەکرێت، پەنجا بە پەنجا دەبێت. لەسەر گومرگ و داهاتی باجیش بە هەمان شێوە ڕێککەوتووین."
حەملان ئاماژەی بەوەشکردووە کە زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق و مووچەی مانگی حەوت و مانگەکانی دواتر بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە دابەش دەکرێت.
وەڵام بدەوه