بڕیارە سبەی چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە و سێ تەوەری گرنگ و پەیوەست بە ژیانی خەڵک تاوتوێ بکات.
یەکێک لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە: تاوتوێ کردنی پێشنیاری یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە. وەزارەتی پێشمەرگە داوای کردووە کە یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان بۆ خانەنشینکردنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، لە جیاتی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010ی عێراق. ئەم یاسایەی هەرێمی کوردستان ماف و ئیمتیازاتی زیاتری بۆ پێشمەرگە تێدایە، لەوانە زیادکردنی مووچە، هەژمارکردنی ساڵانی خزمەت، و دانپێدانان بە بڕوانامەکان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پێشنیازێکی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە قەرز و پێشینەکانی بانکە بازرگانییەکان. ئەم پێشینانە بریتین لە: قەرز و سولفەی هاوسەرگیری، خانووبەرە، کشتوکاڵ، بازرگانی و جۆرەکانی دیکە کە هاوڵاتیان لە بانکەکان وەریانگرتووە و تا ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە بۆ حکومەت.
تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج، کە کاریگەری لەسەر کاسبکاران، پیشەوەران و کۆمپانیاکان دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت لەبەرژەوەندی هاووڵاتییان بڕیار بدرێت .
وەڵام بدەوه