جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق راگەیاند، دوێنێ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی ناوی ئەو بەربژێرانەی پەسند کرد کە بەهۆی سەرپێچییەوە سزای داراییان بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی ئەوەی پێش دەستپێکردنی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، درووشمی حیزبی و وێنەی تایبەتیی خۆیان هەڵواسیوە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، سزای هەر یەکێکیان دوو ملیۆن دینارە و پێویستە پارەکە رادەستی نووسینگەی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکەی خۆیان بکەن. روونیشیکردەوە، "ئەگەر پارەکە نەدەن، ئەوا لەو بڕە پارەی بارمتەیە وەردەگیرێت کە پێشتر داویانە بە کۆمیسیۆن."
دیارترینی سزادراوەکان بریتین لە:
- محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارە یەکی لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پارێزگای بەغدا.
- نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ژمارە یەکی لیستەکەیان لە بەغدا.
- موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت و ژمارە یەکی لیستی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی لە پارێزگای بەغدا.
- بەها ئەعرەجی، بەربژێر لەسەر لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە ژمارە 10 لە پارێزگای بەغدا.
- موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و ژمارە یەکی لیستەکەیان لە پارێزگای سەڵاحەدین.
- ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق و بەربژێری ژمارە 5ی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەغدا.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320ـیان گشتین و 9 کورسیشیان کۆتان.
وەڵام بدەوه