وێڕای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ناردنی داهاتی ناوخۆ و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان، كەچی هێشتا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی كوردستانی نەناردووە، لە كاتێكدا مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی (نۆ)شیان بە تەواوی وەرگرتووە.
هەرچەندە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە لە دوو رۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی كوردستان دەخاتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، دواخستنی مووچە لە لایەن وەزیری دارایی عێراقەوە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی لە هەرێمی كوردستان نیگەران كردووە، تەنانەت ئەو حزب و كەسانەی كە پێشتر ببوونە موتەرجیم و گوتەبێژی تەیف سامی، ئەمجارە هیچ پاساوێكیان بۆ ئەو دواخستنە نییە.
لەم چوارچێوەیەدا محەمەد گۆمەشینی، چالاكی سیاسی و كادیری یەكێتی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە: ”تەیف سامی و حکوومەتی فیدراڵی سەلماندیان شەڕی سیاسی و میزاجی لەگەڵ خەڵک و هەرێمی كوردستان دەکەن و هەموو سنوورێکیان تێپەڕاند.“
ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە ئەم ڕێككەوتنەی كراوە، كۆتایی نییە و ”بەغدا بیانووی تر دەبینێتەوە.“
لە لایەن خۆیەوە بەشدار بازیانی، ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، تەیف سامی بە نەخۆشێكی مەترسیدار و كەسێكی شۆڤێنی وەسف كردووە و دەڵێت: ”هەموو شت ئۆکەیە، نەوت هەناردە کراوە، داهات نێردراوە، هەردوو حکوومەت و کۆمپانیاکان ڕێک کەوتوون، هیچ گرفت نەماوە، بەڵام دیسان دەستی دەستیکردن بە مووچە! ئەم ئافرەتە نەخۆشە بەردەوام چێژ دەبینێت لە ئازاردانی تاکی کورد.“
جەختیشی كردووەتەوە كە ئەو پارەیە ”خێر نییە، حەقی فەرمانبەرە.“
هاوكات گازاندەی لەوانە كردووە كە پێشتر بە وەزیری دارایی عێراقیاندا هەڵدەدا و دەڵێت: ”لە کوردستان ماوەیەک کرابوو بە فریشتە، خەریک بوو مەزاری بۆ دروست دەکرا، بەڵام تەماشاکە ئەم نەخۆشە هیچ گرفتی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکوو ئەو هەستە پیسەی بەرامبەر تاک بە تاکی کوردە، ئەوانەی بەرگرییان لێ دەکرد، دەبێت ئێستا هەستیان چۆن بێت کە زانیویانە خۆیان داماون و بەرگریی لە شێتێکی نەفس نزم دەکەن؟“
وەڵام بدەوه